وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران تەنها نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ماوەتەوە کە هێشتا لەلایەن چینەوە نەکڕدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی بەم زووانە ڕێگری لە تاران دەکەن کە هیچ بڕێکی تر لە نەوت دابین بکات.
سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: پێدەچێت تەنها نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی مابێتەوە کە چین پێشتر نەیبڕیبێت، بۆیە ئەو بڕە بە زوویی کۆتایی دێت و چینیش چیتر ناتوانێت نەوتی ئەو وڵاتە بکڕێت چونکە هیچ بەرهەمێکی تریان بۆ نامێنێتەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڵمەتی گوشارەکانی واشنتنی بۆ سەر تاران بە ئۆپەراسیۆنی دەرەکی ئابووری (Operation Economic Outcast) ناوزەد کرد و جەختی کردەوە کە ئەمە گەورەترین هەوڵە بۆ دابڕینی وڵاتێک لە ڕووی ئابوورییەوە. ناوبراو گوتیشی: گەمارۆکە بە شێوەیەک کاردەکات کە پێشتر هاوشێوەی نەبینراوە. تێکەڵکردنی سزاکان و گەمارۆی دەریایی بەهێزترین گورزی ئابوورییە لە مێژووی گۆشەگیرکردنی وڵاتاندا.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ گەرووی هورمز، بێسێنت ڕایگەیاند کە لە ماوەی 2 ساڵدا ئەو گەرووە گرنگیی خۆی بۆ پیشەسازی نەوت لەدەست دەدات، چونکە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو خەریکی پەرەپێدانی ڕێڕەوی بۆریی بەدیلن تا چیتر پێویستیان بە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە نەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.