ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی فیدراڵ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە بەغدا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکرێت.
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، 6ـی ئەیلوولی 2026، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیدراڵ، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوانەدا، گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکرێت، بە تایبەتی سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و بەدواداچوونی ڕاسپاردەکان کە لە پرۆسەکانی پێداچوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خراونەتەڕوو، لەوانە پێداچوونەوەی گشتیی نێودەوڵەتی (UPR) و پێداچوونەوەکانی دەستەکانی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها، گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەکردن و بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش دەکرێت.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات، بۆ ئەوەی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە بچێت و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق جێبەجێ بکرێن
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.