ڕۆژی پێنجشهممه ڕێكهوتی٢٠٢١/٨/١٢، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە، له سهرۆكایهتی ئهنجومهنی وهزیران و به دهستپێشخهری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.
له كۆبوونهوهکەدا كه وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکاران و بۆردی پڕۆژەکان تیایدا ئامادهبوون، ئهم بڕیار و ڕاسپاردانهی خوارهوه دران:
١- وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ڕاسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بكات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی یاسایی و ڕاوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەکان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی ڕووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگانی جارێک.
٢- تەرخانکردنی گوژمەی ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی ٨-٩-١٠ و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.
٣- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەک و ڕاپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ٤ و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای کۆمپانیاکان لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەدارکردن (تمویل).
٤- پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا لەماوەی دوو ڕۆژدا بۆ ئهوهی دیراسەیەک ئامادە بکات بە مهبهستی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە.
٥- پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی كێشهی کەمی ئاویان هەیە.
٦- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە تیایدا دیراسەیەکی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەکانی ئاو و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو و خەزانەکانی ئاو و کۆکردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێک دایە و ئاستەنگەکانی چین، لە ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بکەنەوە.
٧- ڕاسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
٨- ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ دیراسەکردنی ئهوهی تا چەند سوود لە بەنداوەکان وەردەگرین بۆ کارەبا.
٩- ڕاسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو.
١٠- پابەندکردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشت و گوزار و کارەبا و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی.
١١- ڕاسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو.
فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٨/١٣
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.