وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای تایبەتمەندی وەزارەت، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هەردوو کۆمپانیای بیرلیک و هایدرۆ دیزاینی تورکی كرد كه به مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پرۆسەی دروستکردنی نۆ بەنداوی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (PPP) کە لەلایەن وەزارەتەکەوە کار بۆ دروستکردنیان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ هەمان مەبەست بەسەرپەرشتی بریکاری وەزارەت، کەریم سلێمان، گرووپی کۆمپانیاکانی بیرلیک و هایدرۆ دیزاینی تورکی سیمنارێکیان پێشکەش کردووە دەربارەی ئەزموونی بنیاتنانی بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ئاودێری و دیزاین و پرۆژەکانی گلدانەوەی ئاو بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هاوبەشی نێودەوڵەتیی.
لە راگەیەنداوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوو کۆمپانیاکە داخوازیی و پرۆپۆزەلی خۆیان پێشکەش بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە هاوشانی زیاتر لە ٦٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی بۆ دروستکردنی بۆ بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەماوەی رابردوودا راگەیاندنی بۆ کراوە و بۆ یەکەمین جارە بە شێوازی سیستمی هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتی (PPP) ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە دوا بە دوای ناردنی زانیاری پێویست و دیزاین و جەدوای ئابووری و لیستی بەنداوەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستادا لە رێگەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیراسەی داخوازینامەی کۆمپانیاکان و توانای بنیاتنانی بەنداوەکان و پرۆژەکانی ئاودێری دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.