دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە کەمپەکانی لیتوانیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و گابریلیوس لاندسپێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پرسیاری لە بارودۆخی پەنابەران کرد و بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی لیتوانیای کرد بۆ مێوانداریکردن و لەخۆ گرتنی ئەو ئاوارانەی کە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی روویان لە لیتوانیا کردووە، کە ماوەک لەمەبەر لە وڵاتی بیلاروسیا پەرینەتەوە ئێستاکەش لە کەمپەکانی لیتوانیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە بارودۆخیان باش نیە، بۆیە داوای لەحکومەتی لیتوانیا کرد تا یەکلابوونەوەی چارەنووسیان، زیاتر هاوکاریان بن و لە بارودۆخ و گوزەرانی رۆژانەیان ئاسانکاریان پێشکەش بکەن.
هاوکات پێویستە رێز لە سەروەری و یاساکانی ئەو وڵاتانە بگیرێت، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ لە پەیوەندی و هەماهەنگیدایە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پەیوەندییە و لە هەمانکاتیش خوازیاربوو هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی لیتوانیا بە مەبەستی چارەسەکردنی ئەو بابەتە، بەتایبەت بۆ رێگریکردن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤ و گرتنەبەری رێگای نایاسایی و قاچاخ کە بەداخەوە ئەو بابەتە لەلایەن کۆمەڵە خەڵکانێک و هەندێک کۆمپانیای گەشتیاری پەیڕەوکراوە و هەندێك وڵاتانیش رێگایان کردووەتەوە کە ئەو خەڵکە بەو شێوازە روو لە لیتوانیا بکەن .
لەبەر ئەوەی هەر لە مانگی سێپتەمبەرەوە وڵاتی لێتوانی دەچێتەناو وەرزی سەرما، بۆیە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخی پەنابەرەکان چارەسەر بکرێت و هەرسێ لایەنی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی لیتوانیا هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تاکۆ لە رێگای هەردوو رێکخراوی IOM و UNHCR هاوکاری بکرێن و دۆخیان باشتر بکرێت بەتایبەت ئەو پەنابەرانەی کە خۆبەخشانە خواستی گەرانەوەیان هەیە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی تری پەیوەندی تەلەفۆنیەکەدا باس لە پەیوەندی دوو لایەنە کرا و هەردوولا خواستی فراوانکردنی پەیوەندیەکانیان لە بواری ئابووری و ئەکادیمی و کولتوری و خستەروو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.