قازانجی پاراوی کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجیی ئەڵمانی بایۆنتێک کە ڤاکسینی کۆرۆنای بەرھەمھێناوە، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا و لەگەڵ زیادبوونی فرۆشتنی ڤاکسینەکە گەیشتووەتە دوو ملیار و 787 ملیۆن و 200 ھەزار یۆرۆ.
بایۆنتێک، ئەنجامی راپۆرتی دارایی چارەگی دووەمی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، قازانجی پاراوی کۆمپانیاکە لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی حوزەیران، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داھاتی پاراو گەیشتووەتە دوو ملیار و 787 ملیۆن و 200 ھەزار یۆرۆ.
بایۆنتێک، لە ھەمان قۆناغی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو کە 88 ملیۆن و 300 ھەزار یۆرۆی زیان پێگەیشتووە.
ھاوکات، قازانجی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتبوویە سێ ملیار و 915 ملیۆن و 300 ھەزار یۆرۆ کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2020 زیانی 141 ملیۆن و 700 ھەزار یۆرۆی راگەیاندبوو.
کۆمپانیای بایۆنتێک، لەماوەی ئەمساڵدا، لە گرێبەستی دابینکردنی کۆی گشتی دوو ملیار و 200 ملیۆن ژەمە ڤاکسین، پێشبینی 15 ملیار و 900 ملیۆن یۆرۆ داھاتی دەکرد.
بایۆنتێک و فایزەری ھاوبەشی، تاکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار ژەم ڤاکسینی کۆرۆنایان بۆ زیاتر لە 100 وڵات دابین کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.