سعوودیە رایگەیاند کە لە رۆژی دوو شەممەوە، دەست دەکرێت بە وەرگرتنی داواکاری بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە و مانگانە پێشوازیی دەکرێت لە دوو ملیۆن عومرەکار.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە، جێگری وەزیری حەج و عومرەی سعوودیە، عەبدولفەتاح بن سولەیمان ئاماژە بەوە کردووە کە مزگەوتی حەرام ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە عومرەکارانی دەرەوەی وڵات.
عەبدولفەتاح بن سولەیمان باسی لەوە کردووە کە پێشکەشکردنی داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی Eatmarnaەوە دەبێت و بە پابەندبوون بە رێکارییەکانی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رۆژانە، 60 هەزار و مانگانەش نزیکەی دوو ملیۆن عومرەکار وەردەگرن.
جێگری وەزیری حەج و عومرەی سعوودیە، عەبدولفەتاح بن سولەیمان هەروەها باسی لەوە کرد کە وەزارەتەکەیان لەگەڵ لایەنی بەرپرسدا لە هەماهەنگییدایە سەبارەت بەوەی لە چ وڵاتێکەوە عومرەکاران وەرگیرێن و ژمارەیان چەند بێت.
عەبدولفەتاح بن سولەیمان ئەوەشی خستەڕوو کە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا پێشمەرجن بۆ ئەوانەی دەیانەوێت عومرە بکەن و لە مزگەوتی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) نوێژ بکەن، لەبەرئەوە پێویستە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی سعوودیە دەکەن بۆ ئەنجامدانی عومرە بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسینیان پێ بێت.
دوای تەواوبوونی وەرزی حەج، سعوودیە رایگەیاند کە لە 25ی تەمووزەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، وەرزی عومرەی دەستی پێ کردووە و رۆژانە پێشوازیی دەکەن لە 20 هەزار کەس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.