ھێزی (OTH) سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق کشایەوە و گەڕایەوە بنکەی بۆرینگ لە کوێت.
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە کە ھێزی (OTH) سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش دوای ئەوەی بەم دواییە ئەرکەکەی لە عێراق کۆتایی ھات، کشاوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ بنکەی بورینگ لە کوێت.
واین مارۆتۆ روونیکردووەتەوە کە ھێزی (OTH) سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە دوو فڕۆکەی ھێلیکۆپتەری جۆری (CH-47) و یەک سریەی پیادە پێکدێت و ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھێزەکە، بەردەوام لە ئامادە باشیدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.
ھەروەھا باسی لەوەشکردووە کە ھێزی (OTH) سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە کاتی پێویستدا و لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان پاڵپشتی ئاسمانیی بۆ ھێزەکانی پیادە، دابین دەکات.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی رابردوودا، بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجییدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.