بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسمى ئیمزاکردنى فەرمانى دەستبەکاربونى هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى (دهۆک، هەولێرى پزیشکى، پۆلیتەکنیکى دهۆک، ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، زاخۆ، سۆران) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.
ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/8/5) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى، فەرمانى دەستبەکاربونى بۆ سەرۆک زانکۆ تازەکان دەرکرد، کە هەریەک لە (د. داود سلێمان ئەتروشى) وەک سەرۆکى زانکۆى دهۆک و (د. نورهدین ئیسماعیل الله قولى) وەک سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى و (د. ئارى عادل عبدالقادر) وەک سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و (د. ئاریانا خالص جواد) وەک سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان و (د. ناڤم سلێمان عبدالعزیز) وەک سەرۆکى زانکۆى زاخۆ و (د. شێروان شریف قرتاس) وەک سەرۆکى زانکۆى سۆران، فەرمانى دەستبەکاربونیان ئیمزا کرا. کە پرۆسەى دانان و دامەزراندنى سەرۆک زانکۆکان (دواى ڕاگەیاندن و پێشکەشکردنى سى ڤى و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن) بوە لەلایەن وەزارەت و ئەویش بە لەبەر چاوگرتنى ئەو مەرج و پێوەرە زانستى و ئەکادیمیانەى کە یاساى وەزارەت دیاریى کردوە، دواتریش بەپێى یاساو ڕێنماییەکان فەرمانى دامەزراندنیان لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرچوو.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وێڕاى پیرۆزبایى گەرم و هیواى سەرکەوتن بۆ سەرۆک زانکۆ تازەکان، رۆڵى سەرۆک زانکۆکانى پیشوى لە چەند ساڵى رابردوى کارکردندا بەرزنرخاند، کە لە هەڵومەرجە دژوارەکان و کوسپ و تەگەرو چاڵنگیەکاندا توانییان بە دڵسۆزیەوە هەموو تواناو وزەى خۆیان بەکاربهێنن بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکانیان، وتیشى: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ڕێز و پێزانینەوە لە ماندوبونیان دەڕوانین و سروشتى ژیان وایە هەمو دەستپێکێک کۆتایشى هەیە.
وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ئەوانەى ئەمڕۆ بەهۆى تەمەنەوە خانەشین دەکرێن، بێگومان سەرمایەیەکى گەورەى نیشتمانى ئەو وڵاتەن، لەهەر کوێ بن نیشتمانەکەیان چاوەڕێی کارى بەسودیان لێ دەکات، بۆیە جەختدەکەینەوە سەرۆک زانکۆکانى پێشو بەشێکن لە تواناو سەرمایە کەڵەکەبوە زانستییەکانى وڵاتەکەمان و هەمیشە پێویستیمان بەشارەزایى و تواناکانیان هەیە. د. ئارام محمد قادر جارێکى تر پیرۆزباى دەستبەکاربونى لەسەرۆک زانکۆ تازەکان کرد لە ئەرکى تازەیان وەک سەرۆکى زانکۆ و ئەندامى ئەنجومەنى وەزارەت، بۆ ئەمەش هیواى خواست بەیەکەوە درێژە پێدەرى ئەو کارە باشانە بین کە لە زانکۆکانیان کراوە، ئەو ئەرک و ئامانجانەشى بە هەر هۆکارێک نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت، بتوانن بە ڕێگەى زانستى و بەهەماهەنگى لەگەڵ ستافى زانکۆکان زەمینەى ڕەخساندنى بە ئەنجام گەیاندنیان فەراهەم بکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا وتى: هیوا خوازین تواناو شارەزاییان ببێتە هۆکارێک بۆ وزەو گۆڕانکارى نوێ لە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان. هەروەک بەڵێنیشى پێدان هاوکارو هەماهەنگیان بێت بۆ خزمەتکردن بە باشترین شێوە دور لە کاریگەرى دەرەکى و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە هەرێمەکەمان. وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیشیکردەوە لەپرۆسەى دانان و دەستنیشانکردنى سەرۆک زانکۆ تازەکان، یاساو ڕێنماییەکان و پێوەرە زانستى و ئەکادیمییەکان بنەماى سەرەکى بون و هەوڵماندا شەفاف و دادپەروەر بین بۆیە هیوادارین لە ئاستى چاوەڕوانى ئیمەو میللەتەکەماندابن، دەزانین ئەرکتان سەختەو کیشەو گرفت زۆرن، بەڵام باوەڕمان بە تواناو لێوەشاوەیى و نیشتمان پەروەریتان زۆرە کە دەتوانن بەسەر گرفت و ئاڵنگاریەکان زاڵ بن.
لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایى کردن لە سەرۆک زانکۆ تازەکان، هیواى سەرکەوتن و پێشکەوتنى زیاترى بۆ زانکۆکانى کوردستان خواست بەمەبەستى بەدیهێنانى ئامانجە زانستییەکانى هەرێمەکەمان و بەرزکردنەوەى توانا ئەکادیمییەکان و دروستکردنى کارامەیی و لێهاتوى لە ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان، وتیشى: بەرپرسیاریەتێکى گەورەو نیشتمانیتان لەسەر شانەو پێویستە بەو پەڕى دڵسۆزى و خەمخۆرییەوە خزمەت بە گەلەکەمان و نەوەکانى داهاتومان بکەن.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا و لەمیانى پێشکەشکردنى چەند وتەیەکى جیادا هەریەک لە سەرۆک زانکۆ تازەکان، بەڵێنیان بۆ وەزارەت دوپاتکردەوە کار بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکانیان و پێشخستنى بوارى ئەکادیمى لە هەرێمى کوردستان بکەن، هەروەها بەدڵسۆزى و خەمخۆرییەوە کارنامەو پرۆژەو پلانەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە ناوەندەکانى خوێندن جێبەجێ بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.