Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 14:10

قایمقامی شنگال: حکوومەتی عێراق تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی بۆ قەرەبووەکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەداوە

کوردستان TV
100%

قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رەخنەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرت لەوەی کە تا ئێستا کۆمەڵکوژکریی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە و رایگەیاند کە حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی بۆ قەرەبووەکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەداوە.

مەحما خەلیل لە راگەیەنراوێکدا بۆ حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کە لە ساڵی 2014دا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رایگەیاند : وێرای ئەوەی شاری شنگال لە تشرینی دووەمی ساڵی 2015  کۆنترۆڵکرایەوە، بەڵام ھێشتا ئاسەواری وێرانکاری بە 85 لەسەدای سەنتەری قەزاکە و دەورووبەری ماوە، هەروەها ھەشت ھەزار و 150 خانوو لە شنگال و دەورووبەری وێرانکراون و ھاتووە:

بەھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال، 450 ھەزار ئێزدی ئاوارەبوون.

قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ئاکامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال لە 2014دا، ھەزار و 293 کەس کوژراون و شەش ھەزار و 417ی دیکەیش رفێنراون و تا ئێستا سێ ھەزار و 530 ئێزدی لە دەستی داعش رزگاکراون.

مەحما خەلیل راشیگەیاندووە: ئەوەی مایەی نیگەرانییە وێرای ئەوەی ھەر یەک لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەرلەمانی بەریتانیا، پەرلەمانی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەرمینیا، پەرلەمانی سکۆتلاند، پەرلەمانی ئوسترالیا، پەرلەمانی پورتوگال، پەرلەمانی بەلجیکا، پەرلەمانی ھۆڵەندا و پەرلەمانی فەڕەنسا، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە و گوتی:
حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی بۆ قەرەبووەکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەداوە.

قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال برەخسێنێت و ھەوڵەکانیشی بە جیددی بە ئامانجی گەڕان و دۆزینەوەی رفێنراوە ئێزدییەکان بخاتە گەڕ کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و گوتی:
داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ھەوڵەکانی بۆ ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی داعش کە لە دەورووبەری شنگال خۆیان حەشارداوە چڕ بکاتەوە، ھەروەھا کۆتایی بە بوونی گرووپە چەکدارییەکانی دەرەوەی یاسا و پەکەکە لە شنگال بھێنێت و یاسا لە شنگال بسەپێنێت، بەتایبەتیش بوونی پەکەکە لە شنگال بووەتە مایەی ناسەقامگیری و رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

مەحما خەلیل جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکراوە، رەوشی شنگال ئاسایی دەبێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.