ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا پیرۆزبایی لە سووریا کرد بەبۆنەی ئەو هەنگاوە یەکلاکەرەوەیەی کە لە پڕۆسەی ئاشتییانەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناو دەوڵەتی سووریادا نراوە.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، دەستخۆشی لە پابەندیی ئەحمەد شەڕع سەرۆک کۆماری سووریا کرد و ستایشی هەستی بەرپرسیارێتیی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەی کرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا لە سەرەتای قۆناغی گواستنەوەوە ڕۆڵێکی چالاکی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئەم ئاراستەیە و بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا، بە مەرجێک پارێزگاری لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی وڵاتەکە بکرێت و چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت. سەرۆک کۆماری فەرەنسا پێیوایە ئەم هەنگاوە تەنیا ڕێگەیە بۆ بونیادنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە سووریا و ناوچەکەدا، کە تێیدا ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە زۆرینەی لە شەڕڤانانی کورد پێکهاتبوو، بۆ ماوەی چەندین ساڵ هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون لە شەڕی دژی داعش و ناوچەیەکی فراوانیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لهژێر کۆنترۆڵدا بوو. دوای گۆڕانکارییە سیاسییە کتوپڕەکانی دیمەشق و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هێزە کوردییەکان و حکوومەتی نوێی گواستنەوە گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان لە ژێر چەتری دەوڵەتدا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی دابەشبوون و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە بونیادنانەوەی وڵات دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.