لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشکیان بانگ كردووه و ئەشکەنجەیان داون و داوایان لێ کردوون براکەیان واز لە چالاکییەکانی بهێنێت.
رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ بڵاویكردهوه: له رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشکیان بەناوەکانی "هاجەر ئەرسزادە" تەمەن 41 ساڵ و " کولسووم ئەرسزادە" تەمەن 38 ساڵیان بانگهێشت كردووه ، ماوەی هەشت کاتژمێر لێکۆڵینەوەیان لهگهڵیاندا ئهنجامدراوه و دواتر ئهشكهنجه دراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەرسزادە كه به ههنگاوی راگهیاندووه، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام ئەو دوو خوشکەیان بانگ کردووە و داوایان لێ کردوون کە گوشار بێنن بۆ براکەیان کە لە وڵاتی نهرویژ ڕۆژنامەنووسە واز لە چالاکییەکانی بهێنێت.
سەرچاوەکە کە نهیووستووه ناوی ئاماژه پێبكرێ و له درێژهی وتهكانیدا بهههنگاوی راگهیاندووه : دوایین جارێ کە ئەو دوو خوشکە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراون داوایان لێ کراوە تا نووسراوەیەک واژۆ بکەن، ئەوانیش ئامادهی ئهو واژووه نهبوون و بەو هۆیەوە کەوتوونەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئیتلاعات بە شێوەیەک کە باسک و دەستی هاجەر تووشی برینی قورس بووە کە لەو وێنانەی بڵاوكراوهتهوه ئاسەواری شین بوونەوەی بە دەستیەوە دەبینرێت.
سنار ئەرسزادە تەمەن 39 ساڵ و خەڵکی شنۆ، ساڵی2011 وەک پەنابەر چۆتەوە وڵاتی نهرویژ و لە رۆژنامەکانی Friheten, Radikal portal و Utrop چالاکی هەیە و رووداوەکانی کوردستان لەم رۆژنامانە رووماڵ ئەکات.
هەروەها له ساڵی 2015 ، یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی "هەتاوی تاریک لە سەر ئاسمانی کۆڵانە تەنگەکان" بڵاو کردۆتەوە و کتێبی دووهەمیشی ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.