گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تایبەتیش لە بواری مەشق و پڕچەککردندا.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە میانی پاڵپشتیکردن ئاسمانیی، پێشکەشکردنی زانیاری ھەواڵگریی، مەشق و راھێنان و پڕچەککردن، یارمەتیی زۆری ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی داوە لە شەڕی دژبە داعش و گوتی: "ھێشتا ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تایبەتیش لە بواری مەشق و پڕچەککردندا".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجیی لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.