بەغدا و واشنتۆن لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق رێککەوتن.
رۆژی ھەینی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆتایی ھات و ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ھەردوولا راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "ئەمریکا رێز لە سەرەوەری و یاساکانی عێراق دەگرێت و بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق".
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لای خۆیەوە عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ پاراستنی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش کە مەشق و راھێنان و راوێژ بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها ھاتووە "ئەو بنکانەی کە لە عێراق سەربازانی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، بنکەی عێراقن و بەپێی یاساکانی عێراق بەڕێوەدەبرن و ئەو بنکانە، بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نیین و بوونی ئەو ھێزانەیش لەو بنکانە تەنھا بۆ پاڵپشتیکرنە لە حکوومەتی عێراق لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش".
بەپێی راگەیەنراوەکە شاندی ھەردوو وڵات دوای تەواوکردنی دوایین گفتوگۆی تیمەکانی ھونەریی عێراق و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات، بەتەواوی بگۆڕدرێت بۆ راوێژکردن و مەشق و راھێنان، ھاریکاریی ھەواڵگریی و تا 31 کانوونی یەکەمی 2021، ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتەواوی دەکشێنەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە ئەمریکا پێداگیرانە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەیش لە پێناو بەھێزترکردنی توانایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەکاندا.
رۆژی ھەینی رابردوو بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن گەڕی چوارەمی گفتۆگۆی ستراتیجیی نێوان ھەردوو وڵات، کۆتایی ھات.
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە کە لە میانیدا سەبارەت بە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ گفتوگۆیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.