Erbil 4°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 05:56

پرۆژه‌یاسای دامه‌زراوه‌ى ده‌رمان و خۆراک لە‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌

کوردستان TV
100%


 هه‌وڵه‌کان له‌سه‌ر ئاستى حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستان بۆ یه‌کخستنى نرخى ده‌رمان و نه‌هێشتنى ده‌رمانى قاچاخ و بێکواڵێتیی به‌رده‌وامه‌ و ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى ته‌ندرووستیى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، پرۆژه‌یاسای دامه‌زراوه‌ى ده‌رمان و خۆراک ئێستا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ و چاوه‌ڕێى ده‌که‌ن بێته‌ په‌رله‌مان، له‌ دواى گه‌یشتنى ده‌ست به‌ ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى به ‌زووترین کات په‌سه‌ند بکرێت، چونکه‌ یاسکه‌ گرنگه ‌و په‌یوه‌ندیى ڕاستوخۆى به‌ ژیان و ته‌ندرووستیى هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌ و چیی تر شتێک نامێنێت به‌ ناوى ده‌رمانى خراپ و کواڵێتى نزم و حکوومه‌تى هه‌رێم خۆى سه‌رپه‌رشتیى هێنانى ده‌رمان ده‌کات.

 

د. گه‌لاوێژ عوبێد سیان، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ندرووستیى په‌رله‌مانى کوردستان به ‌ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕایگه‌یاند: ئێستا پرۆژه‌یاساى دامه‌زراندنى کۆمپانیاى خۆراک و په‌رله‌مان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، وه‌ک لیژنه‌ى ته‌ندرووستى له‌ په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامداین بۆ ئه‌وه‌ى به‌زووترین کات بگاته‌ په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ بکرێت، دواتر بدرێته‌ لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند تاوه‌کوو ڕاپۆرتى له‌سه‌ر ئاماده‌ بکرێت و دواتریش خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مى بۆ کرێت و په‌سه‌ند بکرێت، گرنگیى ئەم یاسایه‌ له‌وه‌دایە کە ڕێگرى له‌ هێنانى ده‌رمانى خراپ و کواڵێتیى نزم و  دیاریکردنى نرخى ده‌رمان به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌ دەکات، به‌ده‌ر له‌وه‌ش حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕێگه‌ى دامه‌زراندنى کۆمپانیاى تایبه‌تمه‌ند خۆى سه‌رپه‌رشتیى هێنانى ده‌رمان ده‌کات.
ئێستا ده‌رمانخانه‌ى بێمۆڵەت له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ى ڕابردووشدا هه‌ر  به‌هۆى سه‌رپێچیکرن له‌ بڕیار و ڕێنماییی وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى نه‌بوونى مه‌رجه‌ یاسایییه‌کان نزیک به‌ 35 کۆمپانیا مۆڵەتیان بۆ نوێ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێکیشیان داخراون و ڕووبه‌ڕووى سزاى یاساى کراونه‌ته‌وه‌.
گوتیشى: یه‌کێکى دیکه‌ له‌ یاسا گرنگه‌کان که‌ هاوشانى ئه‌م پرۆژەیاسایه‌ ئێستا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت، پرۆژه‌ى یاساى جیاکردنه‌وه‌ى که‌رتى گشتى و تایبه‌ته‌ له ‌نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌کان که‌ ئێستا له ‌وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، هه‌مو ڕێکار و ئاماده‌کارییه‌کى تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخى نه‌شته‌رگه‌رى له ‌نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌کان ڕێکخستنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، هه‌روه‌ک چۆن پێشتر په‌رله‌مانى کوردستان پرۆژەیاساى پاراستنى ئه‌رک و مافى نه‌خۆشى په‌سه‌ند کرد و به‌مه‌ش ئه‌رک و واجبه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندرووستییه ته‌واوى ئه‌و مافانه‌ فه‌راهه‌م و مسۆگه‌ر بکات که ‌نه‌خۆشێک پێویسته‌ هه‌یبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.