لە پارێزگای کەربەلا باشووری عێراق، دژبە خراپی رەوشی کارەبا خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیی نیشتەجێی قەزای ھیندیە رۆژھەڵاتی پارێزگای کەربەلا خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە میانیدا وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە خراپی رەوشی کارەبا لە قەزاکەیان، رێگای سەرەکیی نێوان قەزاکە و پارێزگاکەیان داخستووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایانکردووە کە ھێڵێکی گواستنەوەی کارەبا لە وێستگەی خەیرات لە پارێزگای کەربەلا لەگەڵ وێستگەی ملیبج لە قەزای هیندیە ببەستراێتەوە، ھەروەھا داواشیان کردووە، دەرفەتی کار بۆ ئەو کەسانەیش کە بێکارن برەخسێندرێت.
بەپێی میدیاکان ھەر لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران چوار رۆژیان وەک مۆڵەت داوەتەوە حکوومەتی عێراق تا داواکارییەکانیان، جێبەجێ بکات.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا کرانە ئامانج کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی دروست کرد.
لەئێستادا حکوومەتی عێراق، شانەیەکی ئەمنیی بە ئامانجی پاراستنی گواستنەوەی تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانیی پێکھێناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.