Erbil 3°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 06:01

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ئوسترالیا کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە خاتوو پۆڵا گانلى، باڵیۆزى ئوسترالیا لە عیراق کرد کە دواى دەستبەکاربوونى یەکەمجارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ئەوەى لە نزیکەوە دۆخى هەرێمى کوردستان و دید و بۆچوونى سەرکردایەتیى هەرێم لەبارەى پرسەکانەوە بزانێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ بردەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئوسترالیا دەربڕى و سوپاسى پشتگیرى و هاریکاریى وڵاتەکەى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆردا کرد.

لاى خۆیەوە خاتوو گانلى جەختى لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە دۆخى عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و خوازیارى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکاریى نێوانیانە، هەروەها باسى لە ڕۆڵى پێشمەرگەى لە تێکشاندنى داعشدا کرد و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى ئاوارەى مەسیحى و ئێزدی دووپات کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شەڕى تیرۆر و هۆکار و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەڵمەتى کوتان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.