Erbil 5°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 02:36

تاڵیبان سێ شارۆچکەی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان کۆنترۆڵکرد

کوردستان TV
100%

لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، سێ شارۆچکەی دیکە لە ویلایەتی غەزنی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیبان.

ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان لە بازنەی غەزنی، هوداد عیرفانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی تاڵیبان لە یەک کاتدا هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەکانی هۆجا عومەر، واعز و موکور.

هوداد عیرفانی باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا، هەر سێ شارۆچکەکە کەوتوونەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان و هێزە ئەمنییەکانیش کشاونەتەوە.

ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان لە بازنەی غەزنی، هوداد عیرفانی هەروەها هۆشداری دا کە تاڵیبان بەو هەوڵەی دەتوانێت تەواوی ویلایەتەکە کۆنترۆڵ بکات.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن تاڵیبانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، پێنج شارۆچکەی کۆنترۆڵکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە شارۆچکەی پەشتون کۆت سەربە ویلایەتی فاریاب و شارۆچکەی شینواری سەربە ویلایەتی پەروان-یان لە دەست تاڵیبان رزگار کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا لە 14 ویلایەت ئۆپەراسیۆن دژبە تاڵیبان ئەنجامدراوە و لە ئاکامدا، 235 چەکداری تاڵیبان کوژراون و 161 چەکداریش برینداربوون، هەروەها 19 بۆمبی ئامادەکراویش پووچەڵکراونەتەوە و لەناوبراون.

لە کاتێکدا لە ئەفغانستان نادیاری پرۆسەی ئاشتیی بەردەوامە؛ لە لایەکی دیکەوە هێرشەکان درێژەیان هەیە.

ژمارەی ئەو شارۆچکانەی کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە سەرانسەری ئەفغانستان کەوتوونەتە دەست تاڵیبان، 45 شارۆچکەیە.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاڵیبان لە دەرەوەی ناوەندی شارەکانی ئەفغانستان سەدا 50 بۆ 70ی خاکی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە.

بەپێی ئەو زانیارییەی کە  لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستی کەوتووە، تاڵیبان لە کۆی 407 شارۆچکە کۆنترۆڵی زیاتر لە 130 ناوەندیانی بەدەستەوەیە.

تەواوی ناوەندی 34 ویلایەتی ئەفغانستان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە.

لە بەشێکی زۆری خاکی ئەفغانستاندا بە تایبەتی لە 190 شارۆچکەیاندا شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی تاڵیبان درێژەی هەیە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.