ڕۆژی شەممە ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو پاولا گانلی باڵیۆزی ئوستڕاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشە و تەحەدیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕێگەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کران.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی ئوستڕاڵیای کرد کە لە چوارچێوەی هێزە هاوپەیمانەکان یارمەتیی عێراقیان داوە لە تێپەڕاندنی گرفتەکان و هەروەها شەڕی تیرۆر. لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش، نەمێنن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش هەوڵێکی نێودەولەتی و فرە رەهەند و هەمە لایەنە پێویستە.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق سەقامگیری و بووژانەوە بۆ عێراق بەدی بهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.