وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند کە عێراق رووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە عێراق رووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی پەتای کۆرۆنا بووەتەوە کە لە شەپۆلەکانی یەکەم و دووەمدا زۆر مەترسیدارترە و گوتی: "پێویستە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی شەپۆلە نوێیەکەی کۆرۆنا، زیاتر پەنا ببرێتە بەر رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لەوانە بەستنی ماسک و دوورە پەرێزیی کۆمەڵایەتیی و وەرگرتنی ڤاکسین".
سەیف بەدر گوتیشی: "بە ھۆی ئەوەی ئێستا کە وڵاتەکەمان رووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە، پلانێکمان داناوە بۆ ئەوەی بڕی ڤاکسینیەکانی کۆرۆنا بۆ نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستیی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە زیاد بکەین".
ناوبراو داواشی لە پیاوانی ئاینیی و سەرۆکھۆزەکان کرد کە زیاتر رۆڵی خۆیان لە ھۆشیاکردنەوەی ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بگێرێن بە تایبەتیش لە وەرگرتنی ڤاکسین و گوتی: "وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندورستیی بە تووشبووانی کۆرۆنا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.