وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستانیش رایدهگهێنێت، یاسای ھاتووچۆ بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێ و بە یاسای نوێ گۆڕانکاری لە کەرتی ھاتووچۆ دەکرێت.
عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان رایدهگهێنێت:وەزارەتی ناوخۆ خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ و یاساکە ھەموار دەکرێتەوە، چونکە ئەو یاسایەی بۆ ھاتووچۆ ھەیە لەسەر دەمی حاکمی مەدەنی عێراق دەرکراوە و لە زۆر لاوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، لەبەر ئەوەش وەزارەت لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی دیکەیە بۆ ھاتووچۆ.
گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێم دەشڵێت: بڕیارە لە ھەموو روویەکەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی ھاتووچۆ بکرێت ھەر لە دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تا دەگاتە تۆمارکردن و ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێڵ و پێ بژاردەکان و ئەو سزایانەی دیار دەکرێن بۆ سەرپێچیەکانی ھاتووچۆ.
عەمید ئەسعەد کەریم ئاماژە بۆ ئهوهش دهكات: ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی گۆڕانکارییەکان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێڵەکان کەرتی ھاتووچۆ پێویستی بە پێداچوونەوەیە بەشێوەیەک لەگەل سەردەمی ئێستا بگونجێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.