لە مێژووى ڕێکخستن و حیزبى کوردىدا، "کۆمەڵەى ژێ کاف" یەکێک لە ڕاستگۆترین، پوختترین و بەرنامەڕوونترین ڕێکخستنێکى نەتەوەیى کورد بووە. هەڵبەت هەر حیزب و ڕێکخراوەیەکى نەتەوەیى کوردى لە هەر پارچەیەکى داگیرکراوى نیشتمانەکەمان دابمەزرێ، دەبێ و دروستە بۆچوونى گشتى دەربارەى بەشەکانى دیکە هەبێ و لە بەرنامەکەیدا ڕەنگ بداتەوە، لە بارودۆخى ئەو کات و ئێستاشدا، حەتمەن پێویست بووە و پێویستە کە هەر حیزبێکى بەشێکى کوردستان، حسابى وردى سیاسیانە و بەرپرسیارانە، ئەوجا هاوکارانە و تایبەتمەندى بۆ بەشەکانى دیکە بکا، لەو تێگەیشتنەوە مەرجە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستانیش، بە تایبەتى سیاسەتمەداران و ڕووناکبیران، بە عەقڵانى و دوور لە سۆزى ناکامڵ، واقیعى سیاسى و مێژوویى هەر یەکێک لە بەشەکانى کوردستان لەبەرچاو بگرێ، باروودۆخى ئێستا وا دەخوازێ لە گۆشەنیگاى سیاسەت و زانستەوە تەماشا بکەین و ڕێگا نەدەین دروشمى نەتەوەیى دوور لە واقیع و سۆزى ساکار و پەتى بەسەر عەقڵ و لێکدانەوەى سیاسەتدا زاڵ بێ.
لە ساڵانى 1943، 44 و 45، مەلا مستەفاى بارزانى لەگەڵ حکومەتى داگیرکەرى عێراقدا، لەسەر دۆزى کورد، لە ململانێ و خەباتى نەتەوەییدا بوو، لەو ساڵانەدا حیزبى هیوا بەتەواوى هێزى سیاسەت و مرۆیى خۆیەوە لە هاوکارى و پشتیوانى بارزانیدا بوو، گەلێک لە ئەفسەرانى کورد لە سوپاى عێراقیدا کە ئەندامى حیزبى هیوا بوون، لە پەیوەندى و یارمەتى بزووتنەوەکەدا بوون. لە 1945 و پێش ئەوەش ناوبانگ و تێکۆشانى بارزانى بەشێکى زۆرى دنیاى کوردى داگرتبوو، هەستى هاونەتەوەیى و تێڕوانینى سیاسى و بەرنامەى کارى "کۆمەڵەى ژێ کاف" لەگەڵ بۆچوونى بارزانیدا یەک دەهاتنەوە. بارزانى لە باشوور لە خەباتدا بوو، ناوەندى سەرکردایەتى "ژێ کاف" لە مەهاباد بوو، خەباتى هەر دوو لایەن، لە سنوورى توانا و دەسەڵاتیاندا، لە پێناوى وەدیهێنانى مافەکانى کورددا بوو، ئەوە واى کردبوو کە "ژێ کاف" بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا لە ڕیگاى بڵاوکردنەوە و بەیاننامەوە بۆ بارزانى بنووسێ و خەڵکى کورد بە ئاگابێنێتەوە کە بارزانى بۆ ئەوان لە تێکۆشاندایە، بۆیە بە پێوستیان زانیوە بەناوى پێشەواى ئازادى نامە و نووسراوەى بۆ بنووسن.
"ژێ کاف" لە نامەکەیاندا وایان نووسیوە "بۆ جەنابى زەعیمى ئازادى مەلا مستەفاى بارزان". ئەو ناونیشانە ماناى زۆر هەڵدەگرێ، جارێ حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دانەمەزرابوو، کۆمارى کوردستانیش وجودى نەبوو، هەڵبەت زووش بوو قازى محەمەد ببێتە پێشەوا، بیرکردنەوەیەکى سیاسانە و بەرنامەى نەتەوەیى "ژێ کاف" وا پێویستى کردووە ئەو چرایەى کە لە باشوور هەڵکرا بوو بە هى خۆى و بە هى هەموو کوردى بزانێ، مەبەستیشى بووە گشت کوردى لە دەور کۆبکاتەوە. دیارە کە شۆڕشێک هى هەموو کورد بێ، دەبێ توانا و کارامەیى و لێزانینى کورد، چ بە ڕاوێژکارى و لێکدانەوە بێ یا قوربانیدانى مەیدانى، هەموو لایەک هاوبەشى تێدا بکەن. "ژێ کاف"یش لەو بارەیەوە تەواوى ئامادەیى خۆیان بۆ بارزانى دەربڕیوە.
ڕەنگە ئەو ئاگادارینامەیە بۆ مەلا مستەفا بارزانى لەو کاتەدا، یەکەمین کۆکردنەوەى بابەتێکى سیاسى ستراتیژى بووبێ لەنێوان دوو بەشى داگیرکراوى کوردستاندا، لەوێشەوە بۆ فراوانتر و گەورەتر. بزووتنەوەکەى بارزانى لە مەوداى بڵاوبوونەوەدا چاوى هەموو بەشەکانى لەسەر بوو، لەو دەمەدا لە هیچ بەشێکى کوردستاندا قەوارەیەک یا ئیدارەیەکى کوردى نەبوو، بۆیە "ژێ کاف" ویستوویەتى ئەو شۆڕشە ببێتە ئاگردان و کوانووى ئازادى بۆ تێکڕاى کورد، هەر بۆیە لە پێش هەر شتێکدا و خاڵى یەکەمدا پیرۆزبایى لە زەعیم یا پێشەوا بارزانى و لە لەشکرى ئازادى کوردستان دەکەن، ئەوەش لە هەستى برایەتى کوردایەتیى و یەک ڕیزى خەباتى کوردانەیانەوە سەرچاوەى هەڵگرتبوو، لەو بارەیەوە لە لایەکەوە تیگەیشتن و پێزانینیان بۆ تایبەتمەندێتى باشوورى کوردستان دەربڕى بوو، لە لایەکى دیکەوە ویستراوە لە کۆنگرەیەکى نەتەوەییدا هیممەتى گشت لایەک کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەى نەخشە ڕێگایەک بۆ ئازادى کوردستان بکێشرێ، لاى ئەوان ئاشکرا بووە کە دۆزى کورد پێویستى بە بەگەڕخستنى گشت تواناکانى دەستە و چین و ڕێکخراوە کوردییەکان و کوردستانییەکان هەبوو، ئۆباڵى نەتەوە و نیشتمان بە یەکجار مەزن زانیوە، بێ هاوکارى و هەرەوەزى لایەنە کارامە و دڵسۆزەکان سەختە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنرێ.
هاوکات بۆ سەرکەوتن و چاکتر خوێندنەوەى قۆناغەکە، مەبەستیان بووە بیر لە بارودۆخى ناوچەیى و زل هێزەکانى وەک سۆڤیەت و ئینگلیزیش بکرێتەوە، ئەوان باوەڕیان وا بووە کە بۆ سەرکەوتن و دابینکردنى ئازادى کوردستان پشتیوانى وڵاتانى زل هێزیان بە پێویست زانیوە، بۆیە لەو نێوانەدا "ژێ کاف" بۆ دۆستایەتى نەتەوەى کورد، سۆڤیەتیان هەڵبژاردووە، هاوکات ئەوان ئەو حەقیقەتەشیان زانیوە کە دەبێ حیسابى ورد بۆ هەڵوێستى ئینگلیز کە باڵا دەست بووە لە عێراقدا بکرێ. لە کۆتاییدا ڕوو لە مەلا مستەفا دەکەن و دیسانەوە بە ناوى زەعیمى ئازادپەرست ناویان تۆمار کردووە، لەو ڕوانگەیەوە کە بارزانى پێشەواى کوردە و لە پێناوى نەهێشتنى ستەم و چەوساندنەوە لە تێکۆشاندایە، لەو تێگەیشتنەوە بە هۆشیارییەکى سیاسییەوە، بە پەیڕەوکردن لە دۆخى سیاسى مەملەکەتى ئێران، ئامادەیى و دابینکردنى پشتیوانى زۆر گەورە بۆ بارزانى ڕادەگەیەنن.
دوا بە دواى ئەوەى کە قازى محەمەد دەچێتە ناو ڕیزەکانى کۆمەڵەى "ژێ کاف" و دواتر دەبێتە سەرۆک، ئەوجا لە مانگى ئابى 1945دا، بە کاریگەرى و هەژموونى قازى، کۆمەڵە دەبێتە حیزبى دیموکراتى کوردستان ئێران، ئامادەکارى بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین دەکرێ و دواتر کۆمارى کوردستان لە مەهاباد ڕادەگەیەنرێ، بەر لە دامەزرانى کۆمار، لە مانگى تشرینى یەکەمى 1945، مەلا مستەفا بۆ هاوکارى و بەرقەرارى خەبات و پشتیوانى لە قازى محەمەد، بە خۆى و لەشکر و هێزێکى بەرچاوەوە چۆتە مەهاباد و بە تەواوى قەناعەتەوە خۆبەخشینى خۆى بۆ خزمەتکردن لەژێر سایە و سەرکردایەتى و پێشەوایەتى قازى محەمەد¬¬دا ڕاگەیاندووە، هاوکات لە پێناوى یەکڕیزى کورد و بەڕێوەچوونى کارى سیاسەت بە چاکى و بە دروستى، دەست بەردارى زەعامەت و پێشەوایەتى خۆیشى بووە، چونکە بارزانى زۆر چاک تێگەیشتبوو کە ئیدى ئەوە قازى محەمەد پێشەوایە، هەرگیز ناکرێ دوو پێشەوا لە بەش و لە یەک کۆماردا پێکەوە هەبن، ئەوەشى زۆر چاک زانیوە کە ئەو بۆ پشتیوانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پێشەوا قازى محەمەد چۆتە مەهاباد و ئەو بەشەى کوردستان، بۆیە هێزەکەى کە لەگەڵ بارزانیدا چووبوونە مەهاباد، بێ چەند و چوون، لە ڕیزەکانى لەشکرى کۆماردا ڕێکخرا، بەو شێوەیە هەرچى فەرمانى پێشمەرگایەتى و جوڵەى هێزەکەى مەلا مستەفا بوو، کەوتە ژێر سایە و فەرماندارێتى پێشەواوە.
بەو شێوە هەستى بەرپرسیارێتى مەلا مستەفاى بارزان و تێگەیشتنى بەرزى سیاسى پێشەوا قازى محەمەد، توانییان نموونەیەکى جوانى شارستانیەت و بەرپرسیارێتى، هەروەها لێکدانەوەى بار و دۆخ و تایبەتمەندێتى هەر بەشێکى کوردستان زۆر چاک هەر دوو لایەن تێبگەن، بە هیچ شێوەیەک بۆ چرکەیەکیش کێشەیەک لە نێوان ئەو دوو سەروەردا واتا مەلا و قازى پەیدا نەبوو، کە بەڕاستى ڕەنگدانەوەى هەلوێست و دڵسۆزى و ئیدراکى هەردوو لایان بوو، سەر بڵندییە بۆ نەتەوە و نیشتمانێک کە نموونەى وایان تێدا دووبارە بێتەوە، لە نێوان بەرپرسیاران و سیاسەتمەدارانى جەوهەرداردا کە بەرژەوەندى نەتەوە و نیشتمانیان مەبەست بێ، ئاسانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.