Erbil 5°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 03:44

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا : چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ له‌نده‌ن ده‌که‌ین

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، دۆمینیك راب، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان، كۆبووه‌وه‌.

11

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند:له‌ كۆبوونه‌وه‌كدا چه‌ندین بابه‌تمان باسكرد له‌وانه‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، كێشه‌كانی ھه‌ولێر و به‌غدا و ھه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیان، شه‌ڕی دژبه‌ تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رھه‌ڵدانه‌وه‌ و به‌ھێزبوونه‌وه‌ی داعش، ھه‌ڵبژاردنه‌كانی داھاتووی عێراق و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و چه‌ندین بابه‌تێكی دیكه‌".

11

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا به‌رز ده‌نرخێنین، سوپاسی پشتگیری به‌رده‌وامی به‌ریتانیا له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، ھاوبه‌شی گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا 30 ساڵ پێش ئێستا ده‌ستی پێ كردووه‌، كاتێك كه‌ له‌ نیسانی 1991 به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، بڕیاری 688یان ده‌ركرد كه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات، له‌و كاته‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا ھه‌میشه‌ به‌رده‌وام بووه‌. به‌تایبه‌ت دامه‌زراندنی نه‌وای ئارام و بڕیاڕی نه‌فڕین كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ھه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكی سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بوو كه‌ بتوانێت بره‌و به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ له‌سه‌ر ئاستیی نێوده‌وڵه‌تی بدات".

سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها گوتی: "وڵاتانی G7، 15 ملیۆن دۆلاریان ته‌رخانكردووه‌ بۆ پشتگیری له‌ په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانی ئافره‌تان، ھیوادارین ئه‌و پاڵپشتییانه‌ ھه‌رێمی كوردستان و عێراقیش بگرێته‌وه‌".

سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تی ژینگه‌ و گۆڕانی ئاووھه‌وا دا كه‌ به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان عێراق یه‌كێكه‌ له‌و پێنج وڵاته‌ی كه‌ زۆرترین كاریگه‌ریی گۆڕانی ئاووھه‌وای له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت و رایگه‌یاند "ئێستا له‌ ھه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت و خه‌ریكه‌ وشكه‌ساڵی ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی رژد له‌به‌رده‌ممان، ئێمه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان پابه‌ندین به‌ رێكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆگونجاندن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی گۆرانی كه‌شوھه‌وا له‌ جیھان، ھه‌روه‌ھا له‌ ھه‌رێمی كوردستان پلانمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گازه‌ زیانبه‌خشه‌كانی وه‌كو دووانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن داناوه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، دۆمینیك راب له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سه‌ردانه‌كه‌م گرنگییدانه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌مان، گفتوگۆیه‌كی نایابمان ئه‌نجامدا و باسی زۆر شتمان كرد و سه‌قامگیری ھه‌رێم و عێراق، به‌ریتانیا زۆر پابه‌ند ده‌بێت بۆ نموونه‌ له‌ وه‌به‌رھێنان و بزنس و دڵخۆشین كه‌ ھێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ھێزه‌كانی عێراق كار ده‌كه‌ن بۆ ده‌ركردنی داعش به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ به‌ریتانیا ھه‌ڵساوه‌ به‌ دابینكردنی بوودجه‌یه‌كی نوێ بۆ ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی سامان و كولتوور".

دۆمینیك راب هه‌روه‌ها گوتی: "بێگومان ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌منییه‌ت بۆ خه‌ڵك دڵنیا بكه‌ینه‌وه‌ له‌ كوردستانی عێراق، ھه‌روه‌ھا له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان باسی گرنگیی میدیای ئازاد و پاراستنی ئازادی راده‌ربڕینمان كرد كه‌ ئه‌مانه‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگن".

دۆمینیك راب راشیگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا باسی په‌روه‌رده‌ و گۆڕانی ئاووھه‌وایان كردووه‌ و گوتی: "توانیوومان گفتوگۆی زیاتر له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان بكه‌ین و ئێمه‌ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی راده‌گه‌یه‌نین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ھاوكارییه‌كان و چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی سه‌رۆكی ھه‌رێم ده‌كه‌ین بۆ له‌نده‌ن و ئه‌مه‌ش زیاتر گرنگییپێدانه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و دۆستایه‌تیمان".

به‌ریتانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ دوای سه‌رھه‌ڵدانی داعش له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ھاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ داعش ھاوكاریی ھه‌رێمی كوردستان و عێراقی كردووه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.