Erbil 14°C شەممە 28 کانونی یەکەم 12:43

مسته‌فا کازمی : گه‌لی عێراق ساڵانێکی زۆره‌ به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیی و بازرگانانی بێوێژدان و دروشمی بریقه‌دار ده‌ناڵێنن

کوردستان TV
100%

مسته‌فا كازمی ،سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند كه‌ سه‌ركه‌وتووبوون له‌ دوورخستنه‌وه‌ی تارمایی جه‌نگ له‌ عێراق و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پلانی چاكسازی ئابووریشیان داناوه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وێرای ئاڵنگاریی گه‌وره‌، به‌ڵام توانیویانه‌ ھه‌نگاوی گرنگ بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی بنێن و عێراقیش له‌ قه‌یرانی ئابووریی و دارایی رزگار بكه‌ن و گوتی: "له‌ئێستادا به‌ جیددی ھه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ دانانی پلان، عێراق بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر رێگای راست".

گوتیشی: "دوای تێپه‌ڕبوونی یه‌ك ساڵ له‌ ته‌مه‌نی حكوومه‌ته‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ متمانه‌ی پێبه‌خشرا، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ عێراق ده‌توانێت رۆڵی شارستانیی خۆی له‌م جیھاندا بگێرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌یشداوه‌، راپۆرتی ساڵانه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌دای حكوومه‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، زانیاری ورد و روونی تێدایه‌ كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی حكوومه‌تی له‌ میانی یه‌ك ساڵی ته‌واو له‌خۆده‌گرێت و گوتیشی: "راپۆرته‌كه‌ بێ لایه‌نانه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ حكوومه‌ت له‌ مانگی ئایاری 2020 تا مانگی ئایاری ئه‌مساڵی به‌ده‌ستھێناوه‌، تیایدایه‌".

راشیگه‌یاندووه‌ گه‌لی عێراق ساڵانێكی زۆره‌ به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیی و بازرگانانی بێوێژدان و دروشمی بریقه‌دار ده‌ناڵێنن و گوتی: "ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌ و یان ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و ورد خستوومانه‌ته‌ڕوو و به‌رده‌وامین له‌ خزمه‌تكردنی عێراقییه‌كان كه‌ شایه‌نی باشترینن".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ھه‌ر له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی گوتی: "سه‌ركه‌تووبووین له‌ دوورخستنه‌وه‌ی تارمایی جه‌نگ له‌ عێراق و له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كی ھاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ، ھه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تییدا، ھه‌یه‌".

گوتیشی: "پلانی چاكسازی ئابوورییمان داناوه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژوویی عێراقدا رووده‌دات، جگه‌ له‌وه‌یش سه‌رجه‌م پێدوایستییه‌كانی تایبه‌ت به‌ ھه‌ڵبژاردنه‌كانمان دابینكردووه‌ و ھه‌روه‌ھا ده‌ستكه‌وتی باشمان له‌ كه‌رته‌كانی نه‌وت، كشتوكاڵ، په‌یوه‌ندیی و سه‌رچاوه‌كانی ئاودا به‌دیھێناوه‌".

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مسته‌فا كازمی سه‌باره‌ت به‌ پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی دوا و گوتی: "له‌چوارچێوه‌ی ھه‌وڵه‌كانمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییدا، ده‌یان گه‌نده‌ڵكارمان، ده‌ستگیركردووه‌".

مسته‌فا كازمی گوتیشی: "وێرای ھه‌بوونی ئاسته‌نگ و ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانمانه‌، به‌ڵام له‌وباوه‌ڕداین كه‌ پێشڤه‌چوونی گه‌وره‌مان له‌ ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌دا به‌ده‌ستھێناوه‌، گوێ به‌و ده‌نگانه‌ ناده‌ین كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ زیان به‌ ئه‌ركه‌كانی حكوومه‌ت بگه‌یه‌نن به‌ تایبه‌تیش ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گورز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان وه‌شێندراوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقمان خستووه‌ته‌ سه‌رووی ھه‌موو خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌وه‌".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.