ئەمڕۆ سێشەمە 2021.6.8، ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی کرد لە شانێکی لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکان، بەسەرۆکایەتی (فریق روکن عەبدولکەریم عبود تمیمی) فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق و سەرۆکی لێژنەی مەیدانی لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکان.
لەکۆبوونەوەیەکدا، کە لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی هاوبەشی عێراق و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەمنی شاری هەولێر ئامادەی بوون، (فریق روکن عەبدولکەریم عبود تمیمی) سەرۆکی شاند وێڕای خۆشحاڵی خۆی و شاندی یاوەری بە سەردانیان بۆ هەولێر، ڕاگەیاند: "لەو سەردانەماندا مەبەستمانە لەنزیکەوە ئاگاداری ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بەیەکەوە بۆسەرکەوتنی پڕۆسەکە و چارەسەری کەم و کوڕی و کێشە و گرفتەکان بکەین ئەگەر هەبێت".
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان، دڵنییای کردنەوە وەکو پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئەرکی گەورەی خۆمان دەزانین باشترین هەماهەنگی و هاوکاریمان هەبێت بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق کە بڕیارە لە 10-10-2021 ئەنجامبدرێت، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: "بەتەئکید هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆسەیەکی گەورەیە و بێ کێشە و کەم و کوڕی نابێت، بەڵام لەلایەن خۆمانە دڵنییاتان دەکەینەوە ئەو داواکاریانەی کە هەبوونە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بەشێکی زۆریان جێبەجێکراوە و بەشێکی لەژێر جێبەجێکردنە، هەرچی لەسەر ئێمەش بێت وەکو ئامادەکاری بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و دادپەروەرانە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، وەکو پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕ و ئومێدێکی زۆرمان بەو هەڵبژاردنە هەیە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری و ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق و گەڕانەوەی سەروەری و رزگاربوون لە قەیران و ئاستەنگەکان، ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەک".
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە چۆنیەتی پارێزگاریکردن لە کاندیدان، تیشکی خستە سەر کاندیدانی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "لەوناوچانەدا ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە پارێزگاریکردنە لە کاندیدانی کورد لەڕووی ئەمنیەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە هەماهەنگی زیاتر و داڕشتنی میکانزمێکی تۆکمە هەیە".
لهكۆتایدا شاندی میوان زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئەندامانی لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێریان کرد، بۆ ئەو پیشوازییە گەرمەی کەلێیان کرا و تەئکیدیان لەسەر هەموو هەمەهانگی و هاوکارییەک کردووە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەعێراق بەگشتیی و لەسنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.