فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رایگەیاند کە گرنگە بەخێرایی دۆسیەکانی کوشتنی خۆپیشاندەران، یەکلایی بکرێنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، فایق زێدان پێشوازی لە ژمارەیەک نوێنەری خۆپیشاندەران کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان رایگەیاندووە کە خۆپیشاندان مافێکی رەوای ھاووڵاتییانە کە لە دەستووردا، ئاماژەی پێکراوە و گوتی:"گرنگە بەخێرایی دۆسیەکانی کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق، یەکلایی بکرێنەوە".
باس لەوەشکراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، نوێنەرانی خۆپیشاندەران داواکاریی و تێبنییەکانی خۆیان خستووەتە روو و ھاتووە:"لە میانی دیدارەکەدا، دادگاکانی تێھەڵچوونەوەی فیدراڵیی راسپێردران لەوەی بەداواداچوون بۆ دۆسیەکانی کوشتنی خۆپیشاندەران بکەن، ھەروەھا بەخێرایی دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی یەکلایی بکەنەوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە فایق زێدان رایگەیاندووە کە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی 25ی مانگی رابردوو و گوتی:"دادوەر بەبێ پشت بەستن بە بەڵگەی سەلمێندراو، ناتوانێت بڕیار لەبارەی دۆسیەکانەوە دەربکات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.