Erbil 1°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 07:36

د. هێمن هەورامی: گرنگە هەمووان پێکەوە هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی دەستوور بدەین

کوردستان TV
#7
100%

د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان رایگه‌یاند: یەکێتی زانایان پاڵپشته‌ بۆ هەنگاوەکانی دەستووری هەرێم .

شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی بە سەرپەرشتی د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامانجی گەیاندنی پرۆژە پێشنیاری یەکێتی زانایان تایبەت بە پێگەی ئایین و ئەو بابەت و ماددانەی رەهەندی ئایینیان هەیە لە پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێم سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردو لەلایەن د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مامۆستا ئیحسان رێکانی و مامۆستا وەیسی مەلا سەعید ئەندامانی پەرلەمان بە گەرمیەوە پێشوازی کران.

لە دانیشتنێکدا د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای دەبڕینی هاوخەمی بۆ ئەو برا پێشمەرگانەی لە چیای مەتین شەهیدو بریندار ببون، وە خۆشحاڵی بۆ هەوڵەکان لەمەڕ نووسینەوەی دەستوورێک بۆ هەرێم، باسی لە هەڵوێستی یەکێتی زانایان سەبارەت بەو پرسانەی رەهەندی ئایینیان هەیە لەناو دەستوور کردو گوتی: یەکێتی زانایان پاڵپشتە بۆ هەنگاوەکانی دەستووری هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام گرنگە ئەو دەستوورە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردستان لەبەر چاو بگرێت بەتایبەت پێگەی ئیسلام لەناو دەستوور، کە زۆر گرنگە وەک ئایینی فەرمی و سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان بێتە هەژمار کردن.

سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: زانایانی ئایینی لە کوردستان بە بایەخەوە لە دەستوورو مەسەلەی ماف و ئازادییەکان و مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ترو دەڕوانن، بەڵام رەچاوکردنی تایبەتمەندی زۆرینە گرنگ و پێویستە، لەو سۆنگەوە ئێمە وەکو یەکێتی زانایان چەند بابەتێک لە شێوەی پرۆژە پێشنیار ئاراستە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، بە ئومێدی ئەوەی لەناو دەستوور جێگەی بکرێتەوە.

دواتر د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وێڕای خۆشحاڵی و بەخێرهێنان باسی لە گرنگی دەستوورو هەوڵ و هەنگاوەکانی بەردەم پرۆسەو زەرورەتێک بۆ کوردستان وەسفی کردو گوتی: گرنگە هەمووان پێکەوە هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی دەستوور بدەین، دڵنیایش لەوە دەدەین کە ناسنامەی ئایینی بەلامانەوە گرنگەو دەشمانەوێ دەستوور بۆ کوردستان بە شێوەیەکی تەوافوق و لە فۆرمی دەستوورێکی مەدەنی دابێت، کە هەوڵ بدات بنەمای هاوڵاتیبوون بکاتە بنەماو پێوەر بۆ دانانی مادەو بڕگەکانی.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: ئێمە بەو پەڕی رێزەوە لە رای ئێوە دەڕوانین و بۆچوونی ئێوە بۆ ئێمە گرنگەو سەرنجەکانتان بەهەند وەردەگرین، گرنگ دەستوور بۆ کوردستان پێویستیەکی سەرەکی و لە پێشینەیەو ئومێدمان وایە بتوانین بە هاوکاری و پاڵپشتی هەموولایەک لەو خولە دەستوور تەواو بکەین، بۆ ئەوەی وەک سەروەریەک بۆ کوردو کوردستان گەلەکەمان لەژێر سایەی دەستوور مافەکانی پارێزراوتر ببن و ئاریشەو تەحەددییەکانیش کەم ببنەوە.


شایەنی باسە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی رۆژی 24ی5ی2021 یەکێتی زانایان گەنگەشەی رەهەندو ئەگەرەکانی دەستوور کردو هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرس و پێگەی ئایینی ئیسلام خستە ڕوو، بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەکی راسپارد بۆ نووسینەوەو خاڵبەندکردنی خواست و داواکاری یەکێتی زانایان، بۆ ئەوەی بە فەرمی و لە شێوەی پرۆژە پێشنیار ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندارەکانی بکات.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.