ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٥/٢٠ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان، پێشوازی لە کۆلۆنێڵ دەیڤد ولیەمس ڕاوێژکاری هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا سەرنجی وردیان خستە سەر جموجۆلەکانی ئەم دواییەی داعش و پەلامارە تیرۆریستییەکانیان بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک و گەرمیان کە بوونه هۆى شەهید و برینداربوونى چەند پێشمەرگەیەك.
جێگری سەرۆک جهحتى لە گرنگی و پێویستیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی تیرۆریستان كردهوه کە هەمیشە مەترسی بوونە بۆ تێکدان و ئارامیی ناوچەکە بەتایبەت لە ناوچهكانى ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقی فیدراڵ، ئەمەش بۆشاییەکی ئەمنیی بەرفراوانی دروست کردووە و بۆتە هەلێک بۆ جموجۆڵەکانی تیرۆرستان و خۆڕێکخستنەوەیان لەو شوێنانە.
له كۆبوونهوهكهدا پلانێکی هاوبەش خرایە بەر باس بۆ زیاتر پاراستنی سنوورەکان و سەقامگیریی ئەو ناوچانە لە تیرۆریستان، ئەمەش بە هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق به پاڵپشتیی هاوپەیمانان، هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانەی کە تیرۆریستانی داعش وەک حەشارگەی چەک وتەقەمەنی و شوێنی مانەوەیان بە کاری دەهێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.