ماوهی ده رۆژە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دەستی پێ كردووە و سەرجەم هەوڵەكانیش بۆ راگرتنی ئەم جەنگە شكستیان هێناوە.
ئیسرائیلییەكان دەڵێن توانای سەربازیی حەماسیان لاواز كردووە و لە هێرشەكانیان بەردەوامن، لە دواین هێرشی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، سهد و بیست شوێنی جیاوازیان كردە ئامانج.
زانیارییەكە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە و ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئاراستەكردنی ئەو سهد و بیست مووشەكە لە ماوەی نیو كاتژمێردا بەهۆی پهنجاو دوو فڕۆكە ئەنجام دراوە، لە بەرانبەردا لە غەزەوە پهنجا مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل كراون.
ئاژانسی دۆیچه ویلهی ئهڵمانی لهزاری بهپرسانی ئیسرائیلی بڵاویكردهوه، ئیسرائیل ژمارەی مووشەكەكانی حەماس سەرووی دوازده هەزار مووشەكن و تا ئێستا نزیكەی سێ هەزاریان ئاراستە كراون.
لە دەستپێكی ئەم جەنگەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش چەندان جار ویستوویەتی بەیاننامەیەك بۆ راگرتنی جەنگ دەربكات، بەڵام ئەمەریكا ڤیتۆی كردووە، ویستی ئەمەریكا ئەوەیە جەنگەكە بە دیپلۆماسی بوەستێنرێت نەك بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش.
فەلەستینییەكان كە بەهۆی ئەو جەنگەی دەستیان پێ كردووە زیانێكی زۆری گیانی و مادییان بەركەوتووە، حەز دەكەن ئەو جەنگە بوەستێنرێت و هانایان بۆ هەموو شوێنێك بردووە تا نێوهندگیریان بكەن و ببنە هۆكاری راگرتنی جەنگ.
ئیسرائیل وێڕای پووچەڵكردنەوەی ئەو مووشەكانەی لە غەزەوە ئاراستەی دەكرێن، هەوڵی داوە بنكە و تونێل و هەر شوێنێك كە گومانی هەیە، حەشارگەی چەكدارانی حەماس یان جبەخانە، بێت بیانكاتە ئامانج. رۆژی رابردوو ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی رابهری كۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای كردبوو ئێرانیش هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو جەنگە بوەستێنرێت.
به پێی سهرچاوهكه ئێران حەزی لە خۆشكردنی ئاگری جەنگەكەیە، بۆیەش عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی گوتبووی، بەمزووانە عەلی خامنەیی لە قودس پێشنوێژی بۆ مسوڵمانان دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.