Erbil 32°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 13:17

مستەفا کازمی: بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن رەوشەکە بەرەو باشتر دەبات

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە سەپاندنی ئیرادە بە چەکی دەرەوەی یاسا چارەسەر نییە، بەڵکو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداریکردن لە پڕۆسەکەدا، رەوشەکە بەرەو باشتر دەبات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی سەردانی پارێزگای واست-ی کردووە و لە میانیدا چاوی بە ژمارەیەک لە دەرچووانی کۆلێژی کشتوکاڵ، هەروەها ژمارەیەک جووتیار کەوتووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە پێشتر عێراق لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەرچاوەی عەمبارکردنی دانەوێلە بوو و زۆرێک لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان لە عێراقەوە ھاوردەی دەرەوە دەکران و گوتی:"بە داخەوە لە ساڵانی رابردوودا، بەھۆی شەڕ و ململانێیەکانەوە، زیان بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق، کەوتووە".

گوتیشی: "بەھۆی ھەوڵەکانمان بۆ پاڵپشتیکردن و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵیی، نەک ھەر لە دابینکردنی خۆبژێوی لە ھەندێک لە بەروووبوومە کشتوکاڵییەکان سەرکەوتووبووین، بەڵکو لە میانی ساڵی رابردوودا، ھەندێک لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانمان ھەناردەی وڵاتانی دراوسێ کردووە".

راشیگەیاندووە کە لەڕێگای قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ھەندێک بەرووبوومی کشتوکاڵیی پاڵپشتییان بۆ جووتیاران دابینکردووە و بە پێدانی قەرز یارمەتی جووتیاران-یان داوە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە زیادکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بدەن و گوتی:"تا پیشەسازی کشتوکاڵی کارا نەکرێت، کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق پێشناکەوێت کە ئەوەیش پێویستی بە وەبەرھێنان ھەیە کە حکوومەت لەوپێناودا ھەوڵەکانی خستووەتەگەڕوو".

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە مستەفا کازمی لە میانی دیدارەکەدا باسی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت و گوتی:"سەپاندنی ئیرادە بە چەکی دەرەوەی یاسا چارەسەر نییە، بەڵکو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداریکردن لە پڕۆسەکەدا، رەوشەکە بەرەو باشتر دەبات".

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گەیشتبووە پارێزگای واست و لە میانیدا داوای کرد کە ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، چارەسەر بکرێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.