Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 19:36

ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان نیگەرانى خۆى لە سوتاندنى گەنجێک و ڕووماڵى میدیاکان دەردەبڕێت

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کورستان له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: پاش ئەوەى ئەمڕۆ (18ى ئایارى 2021) ژمارەیەک پەنابەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى هەولێر کۆبوونەوە بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى لە بێ وەڵام مانەوەى کەیس و داواكانيان، هاوڵاتییەکى ڕۆژهەڵات بە ناوى (بێهزاد مەحمودى) ناسراو بە (محەمەد) بەنزینى بە خۆیدا کرد و لە بەردەم چەند ڕۆژنامەنووسێک ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا.

بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەى لە شوێنى ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکى ڕووماڵى ڕووداوەکە بوون، بێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەوەى کە دەبوو لە جیاتى گرنگیدان بە هەواڵى خۆسوتاندنەکەى، گیانى ناوبراویان ڕزگار بکردایە و نەیانهێشتایە خۆى بسوتێنێت و ئەوە دەبوە پیشەیيبوون و ئینسانیبوون و کارێکى مۆراڵى، کە دەیانتوانى ئەو کارە بکەن و نەیانکرد.

ئەم ڕووداوە پێماندەڵێت، هێشتا میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکى هەواڵ و ڕەهەند و لێکەوتەکانى، گەر وانییە، دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایکەکان فڕێبدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن، ئەوە دەبوە هەواڵ و شانازى، نەک ئەوەى بە بەرچاوى ئەوانەوە ڕوویداوە و بێدەنگبوون.

ئێمە لە ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، سەرەڕاى هاوخەمى، نیگەرانى خۆمان لە خۆسوتاندنى ئەو گەنجە دەردەبڕین و هەرچى زوترە خوازیارى چاکبوونەوەین.

لە هەمانکاتدا نیگەرانى خۆشمان لە پەیامنێرانى ئەو کەناڵانە ڕادەگەیەنین، کە دەبوو بە ئەرکى ئینسانى خۆیان هەستن، چونکە ڕۆژنامەنووس پێش هەر شتێک ڕێزگرتنە لە ئینسان و بەهاکانى مرۆڤایەتى.

ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کورستان

18/5/2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.