Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 18:55

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری داوا ده‌کات ئه‌م میدیایانه‌ی دیمه‌نى خۆسووتاندنی گه‌نجه‌که‌ی به‌رده‌م UN یان گواستبۆوه‌ بدرێنه‌ دادگا

کوردستان TV
100%

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌ێندراوێكی له‌باره‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌ له‌ به‌ره‌ده‌م  UN ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى ده‌كه‌ین، هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

ده‌قی ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌: 

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: بۆ بەدواداچوونى ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەى ئەمڕۆ ڕوویدا، کە چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە، گەنجێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەشارى هەولێر، خۆى سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستاى ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاى لە هەرێمى کوردستاندا، لە ڕووى ئیتیکى رۆژنامەوانى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێکى نالەبار و خراپ وەسف کرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ى ساڵى ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەى سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکى لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن. لە ئەگەرى پابەند نەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، ڕێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنى ئەرکى وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەى ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان ١٨/٥/٢٠٢١

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.