Erbil 7°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 09:43

په‌رله‌مانی کوردستان.. یاسای وه‌زاره‌تی کاره‌با ده‌نگی له‌سه‌ر دراو خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میش بۆ شه‌ش پڕۆژه‌یاسا کرا

کوردستان TV
100%

كاتژمێر 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 2021/5/18، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (13)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه. به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، بەڕیز (منی یوخنا یاقۆ) به‌ده‌نگی (71) په‌رله‌مانتار بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان پاڵێورا. به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاساكانی (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان، هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی سالى 2011 لەهەرێمی كوردستان، بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردووكەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان، هەمواری دووەمی یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ى ساڵی 1993، هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان -عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2010، هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانیی عێراقی ژمارە (30)ى ساڵی 1984 لەهەرێمی كوردستان –عێراق) كران و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران بۆ وه‌رگرتنى رێككاره‌ یاساییه‌كانى خۆیان.

به‌پێی خاڵی سێیەمى به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕِۆژەیاسای وەزارەتی كارەبا لەهەرێمی كوردستان، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى (كاروبارى یاسایی، وزه‌و سامانە سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی)یه‌وه‌، راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دانیشتنی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پڕِۆژە‌یاساكه‌ خرابوونه‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ى‌ سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له‌ماده‌كانی پڕِۆژە‌یاساكه‌ به‌پێشنیازى لیژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه‌ كه‌هه‌بوون به‌ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی (64) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "پیرۆزبایى له‌خۆمان و‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی په‌سندكردنی یاسای وه‌زراه‌تی كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق".

مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ش له‌به‌ر بایه‌خی وزه‌ى كاره‌با له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستیى گشتیی هاونیشتیمانییان و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ژێرخانی ئابوورى و ڕێكخستنه‌وه‌ى كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌ به‌هۆی گرنگیی ئه‌و چالاكییانه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت پێی هه‌ڵده‌ستن و بۆ هێنانه‌دیى ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی. به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.