Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 09:06

گۆڕێکی به‌ کۆمه‌ڵ له‌ پارێزگای ئه‌نبار دۆزرایه‌وه‌ زۆربه‌یان نیوچه‌وانیان کونه‌

کوردستان TV
100%

ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌، گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار دۆزراوه‌ته‌وه‌ و رووفاتی ده‌یان كه‌سی تێدایه‌ و له‌ شوێنێك دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ باره‌گای پۆلیسی ئیتیحادی و میلیشیاكانی تێدا بووه‌.

گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ سی كیلۆمه‌تر له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی فه‌لووجه‌یه‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگه‌ی خێرای به‌غدا، مێژووی بۆ ساڵانی دووهه‌زار و چوارده‌ و دووهه‌زار و پازده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كاته‌ میلیشیاكان و پۆلیسی ئیتیحادی له‌و شوێنه‌ باره‌گایان دانابوو.

دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ سێیه‌مین حاڵه‌ته‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو ساڵدا و پێشتریش له‌ دوو گوندی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نبار، گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی هاووڵاتیان دۆزرابوویه‌وه‌.

به‌رپرسێكی ئه‌منی له‌ پارێزگاكه‌ رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ تا ئێستا داخراوه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت قوربانییه‌كان دشداشه‌ و جلی وه‌رزشیان له‌به‌ر بووه‌ و زۆربه‌یان نیوچه‌وانیان كونه‌ واته‌ له‌ نزیكه‌وه‌ گوله‌باران كراوون.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بهێنرێت، بۆ میدیای عێراقی وتویه‌تی: دوای دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ گرووپێكی چه‌كدار زیاتر له‌ جارێك هه‌وڵیداوه‌ بێته‌ ناوچه‌كه‌ و رێگه‌ی پێ نه‌دراوه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك به‌ڵگه‌كانی تاوان سڕێته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ داوایكردووه‌، لایه‌نه‌ ئه‌منی و ته‌ندرووستی و دادوه‌رییه‌كان فریای ره‌وشه‌كه‌ بكه‌ون و رێگه‌ نه‌ده‌ن یاری به‌ به‌ڵگه‌كان له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌دا بكرێت.

به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری عێراقیی بۆ به‌به‌ڵگه‌كردنی تاوانه‌كانی شه‌ڕ، عومه‌ر فه‌رحان رایگه‌یاند: ئه‌و ناوچه‌یه‌ شوێنی ئۆپه‌راسیۆنی چه‌ند گرووپێكی چه‌كدار بووه‌، گوتیشی: گرووپێكی چه‌كدار هه‌وڵیداوه‌ پێش چه‌ند رۆژێك هه‌ڵبكوتێته‌ سه‌ر گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ و ده‌ستكاری بكات، به‌ڵام لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان پێیان راگه‌یاندوون، ئه‌و گۆڕه‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی دادگادایه‌ و پێویسته‌ پاشه‌كشێ بكه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، زافر ئه‌لعانی رایگه‌یاند: دواكه‌وتنی حكومه‌تی عێراق له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردنی تاوانبارانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌، هیچ پاساوێكی نییه‌.

كوردستان TV

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.