سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی یٔافرەتان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بەگشتی، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئەو دیاردە نەشیاوانە کرا.
سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دووپات کردەوە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی یٔافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و بەهێزکردن و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردنی و بە سزاگەیاندنی یٔەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
لە کۆبوونەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تاووتوێ کرا، لەم ڕووەوە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە هاوکار بن و ڕۆڵی گرنگیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.