لەمیانی کۆبونەوەی وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەو جێگرانی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆشداریدا لەبارەی پاراستنی سەنگەرەکان و بەرەوپێشچوونی توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم لیواکاندا.
ئەمرۆ ٥ی ئایاری ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و ئەمینداری گشتی وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ئەرکان، لەگەڵ فەرماندە و جێگری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە لە نزیکەوە لەگەڵ فەرماندەی لیواکان و جێگرەکانیان تاوتوێی دۆخی ئێستای پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند : وەک وەزارەتی پێشمەرگە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی هێزی پێشمەرگەین،
وتیشی: دواین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش بەدیاریکراوی لەو ناوچانەی، کە بۆشایی ئەمنیان هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەرکی ئێوە قورستر دەکات و لەو پێناوەشدا دەبێت سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر بکەن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، پڕۆسەی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستان و دواین پێشهاتە سەربازیەکان لە سنوری لیواکان تاوتوێکرا، بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەی لیواکانی ئاگادارکردەوە، هەوڵەکانیان لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و پەرەپێدان بە توانا سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت وپلانی ستراتیجی سەربازیانەی وردیان هەبێت، زیاتر هەوڵبدەن دیسپلینی سەربازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بچەسپێنن، لەم پێناوەشدا وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت.
کۆبوونەوەکە، بە سەرنج و پێشنیاری فەرماندەی لیواکان لەبارەی پێداویستی و گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی ئێستای لیواکان و رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کۆتایی پێهات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.