ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریی دا لە مەترسیی گواستنەوەی ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ باشووری شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا.
شێروان دووبەردانی ، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە خواستێک هەیە بۆ گواستنەوەی نزیکەی 100 خێزانی چەکدارانی داعش کە نزیکەی 700 کەس دەبن لە کەمپی هۆلەوە بۆ کەمپی جدعە باشووری شاری مووسڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا.
شێروان دووبەردانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گواستنەوەی ئەو خێزان و کەسوکارانەی چەکدارانی داعش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای نەینەوا و دەرئەنجامەکەی دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵی.
سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سنووری نەینەوا و بەرپرسانی پارێزگاکە کردووە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لەم هەنگاوە کە بە گوتەی ئەو کاریگەری لەسەر داهاتووی پارێزگاکە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.