وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
سەرەتا فوئاد حوسێن قسەی کرد و گوتی: لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف باسمان لە ژماریەک دۆسیە کرد کە بۆ ناوچەکە گرنگ بوو.
گوتیشی: چاودێری دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا دەکەین.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەردانی نەجەف و ھەرێمی کوردستان دەکات.
لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند رێز لە سەرەوریی عێراق دەگرین و دەست لە کاروبارەکەی وەرنادەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف گوتیشی: پەیوەندییەکی بەھێزمان لەگەڵ عێراقدا ھەیە و دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە پتەوتر بکەین بە تایبەتیش لە بوارەکانی وزە، ھێڵەکانی ئاسنین و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان.
باسی لەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ فوئاد حوسێن سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی (4+1) گفتوگۆیان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.