بەڕێوەبەری ناحیەی قەحتانیەی سەر بە شارۆچكەی شنگال رایگەیاند، لە سنووری شارۆچكەی شنگال، پەكەكە بۆ مانەوەی خۆی ھەموو رێگایەك دەگرێتە بەر و لە نوێترین كاریشیدا، خەڵكانێكی بۆ خۆی راكێشاوە و پارە و ئۆتۆمبێل و پاسەوانی بۆ دابین كردوون، بۆ ئەوەی پشتگیرییان بكەن و لە شنگال بمێننەوە، بەڵام ئەو خەڵكەی پشتگیرییان دەكات، رێژەیان ناگاتە 1%یش.
خدر خودێدا، بەڕێوەبەری ناحیەی قەحتانیەی سەر بە شارۆچكەی شنگال رایدهگهێنێت، پەكەكە ھەر رۆژە ورێگایەك دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی لە شنگال بمێنێتەوە و دەرنەكرێت، چونكە دەزانن لە كۆتاییدا پێویستە شنگال چۆڵ بكەن و ھیچ رێگایەكی دیكەیان نییە، بۆیە ئێستا خەڵك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دێنن و بازرگانییان پێوە دەكەن و دەیانەوێت بیانكەنە قوربانی و كێشە لە شنگال دروست بكەن.
خودێدا باسی لەوەش كرد: لە ناحیەی ئێمە خەڵك نایەوێت بگەڕێتەوە لە ترسی پەكەكە، كە لە كۆی 15ھەزار خێزان، تەنھا 450خێزان گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیكە ئامادە نین بگەڕێنەوە، پەكەكەش ھەڵساوە بەشێك لەو خەڵكەی لەخشتە بردووە و پارە و ئۆتۆمبێل و پاسەوانی بۆ دابین كردوون، بۆ ئەوەی ھەر كاتێك داوایان لێ كرا دەربچن، ئەو خەڵكە خۆپیشاندان بۆ مانەوەیان بكەن و بچنە سەر رێگاكان و كێشە دروست بكەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ھێزە عێراقییەكان تەقە لە ئەو خەڵكە بكەن و ببنە قوربانی.
دەشڵێت، ئەوانەی پشتگیریی پەكەكە دەكەن، رێژەكەیان ناگاتە 1%یش و خەڵكی دیكەش بە گشتی دژی پەكەكەن و داوای دەرچوونی پەكەكە دەكەن، چونكە ھۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنین و دەیانەوێت شنگال وێران بكەن، تەنھا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی ئەوان تێكنەچێت و بەردەوام بن لە مانەوە لە شنگال.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.