Erbil 9°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 09:21

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئاوەدانکردنەوەی زیاتری قەڵادزێ دەکات

کوردستان TV
100%


 فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە یادی كارەسات و راپەڕینی 24/4/1974 و 24/4/1982 پەیامێكی بڵاو كردەوە.

دەقی پەیامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

دروود بۆ گیانی شەهیدانی بۆردومانکردنی قەڵادزێ

لە 24ـی 4ـی 1974، رژێمی بەعس بە چەکی ناپاڵم شاری قەڵادزێی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 163 هاووڵاتی شەهید بوون،. کە زیاتر لە 30 شەهید قوتابی زانکۆ بوون و زیاتر لە 200 کەس برینداربوون.

رژێمی بەعس ئه‌و رۆژه‌ ڕقی رەشی خۆى به‌سه‌ر قه‌ڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا رشت. ئەگەرچی رژێمی بەعس هیوای ئەوەی هەبوو ئیرادەی گەلی کوردستان و شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەکەمان لەناوببات، بەڵام گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول زۆر مکوڕتر لە جاران، بەرامبەر رژێمی بەعس وەستانەوە.

بەهۆی گەورەیی کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زۆریی ژمارەی شەهید و برینداران، بارزانی نەمر ئەو رۆژەی بە رۆژی ماتەمی نەتەوەیی کورد ناوبرد.

لەو یادە خەمناکەدا، بە دانەواندنی سەری رێزەوە یادی شەهید و بریندار و گیراوانی 24ـی 4ـی 1983 دەکەینەوە، کە هاووڵاتییانی قەڵادزێ یادی ئەو کارەساتەیان بە هەل زانی و تێیدا بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، رژێمی داگیرکەری بەعسیان رەت کردەوە و دواتر هێزە داپڵۆسێنەرەکانی رژێم ژمارەیەک هاووڵاتییان شەهید و بریندار کرد و ژمارەیەک گەنج و لاویشیان دەستگیر کرد.

فراکسیۆنی پارتی لەو یادەدا، داوای ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و سڕینەوەی کاریگەری و شوێنەوارەکانی دەیان ساڵەی سیاسەتی وێرانکردن و بە سووتماککردنی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمکارەکانی عێراق بە تایبەت لە قەڵادزێ، دەکات.

جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکەین، کە فراکسیۆنی پارتی لە خولی سێیەمی پەرلەمان پرۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دیاریکردنی رۆژی 24ـی نیسان وەک رۆژی شەهیدانی زانکۆ و دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان پرۆژەکەی پەسەند کرد و حکوومەتیش بڕیاری ناساندنی ئەو رۆژەی به رۆژی شەهیدانی زانکۆ دا.

دووبارە دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بۆمبارانی ساڵی 1974 و ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی 1983ـی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرین.

 

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.