Erbil 3°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 06:34

47 ساڵ به‌سه‌ر کاره‌ساتی بۆردومانکردنی قه‌ڵازێ دا تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%

له‌ 24/4/1974 شاری قه‌لادزێ له‌لایه‌ن باڵه‌فڕه‌ جه‌نگییه‌كانی رژێمی له‌ناوچووی به‌عسه‌وه‌ بۆردومان كرا، له‌ئه‌نجامدا خه‌ڵكێكی مه‌ده‌نی بێ تاوان شه‌هید بوون، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆردومانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری خانووبه‌ره‌ی  شاره‌كه‌ وێران بوون و به‌سه‌دان كه‌س له‌ هاووڵاتیانی سڤیلی شاره‌كه‌ شه‌هید بوون، به‌شێكی زۆری شاره‌كه‌ش خاپور بوو، ئه‌وكات قه‌لادزێ یه‌كێك له‌ بنكه‌ مه‌زنه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو، هه‌زاران هاووڵاتی سڤیلی شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی پشتگیری كردنی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول روویان تێكردبوو، ته‌نانه‌ت زانكۆی سلێمانی و دامووده‌زگای زۆر له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ خزمه‌تگوزاری و كارگێڕییه‌كان له‌ قه‌لادزێ دامه‌زرابونه‌وه‌و له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا بوون ، جێی باسه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ 11ی ئاداری 1970 رێكه‌وتنامه‌ی یانزه‌ی ئادار له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول و رژێمی به‌عسدا راگه‌یه‌نرابوو، به‌ڵام دواترحكوومه‌تی به‌غدا له‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی په‌شیمان بۆوه‌ و ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و به‌ندانه‌ مۆربكات كه‌ ئیمزای له‌سه‌ر كردبوو، هه‌ربۆیه‌ شه‌ڕی به‌سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلولدا سه‌پانده‌وه‌ و له‌ 18ی ئاداری ئه‌و ساڵه‌دا په‌یوه‌ندی و وتوێژی نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول پچڕاو، له‌ مانگی نیسانی ئه‌و ساڵه‌شه‌وه‌ به‌غدا بۆ ماندووكردنی شۆڕش، ستراتیژێكی سه‌ربازی نوێی گرتبووه‌به‌ر، ئه‌ویش بۆردومان كردنی ئه‌و  شارۆچكانه‌ بوو، كه‌ له‌ ژێرده‌ستی شۆڕشدا بوون و به‌هه‌زارن هاووڵاتی شاره‌كانی كوردستانی تیادا كۆببونه‌وه‌، ببوونه‌ پاڵپشتێكی مه‌عنه‌وی مه‌زن بۆ خۆڕاگری شۆڕشی ئه‌یلوول، هه‌رله‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ رۆژی 26ی هه‌مان مانگدا شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش بۆردومان كرا، كه‌ كوژرانی ده‌یان كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌و له‌ 29ی  نیسانیشدا فڕۆكه‌كانی به‌عس پردی گه‌لاڵه‌شیان بۆردومان كرد كه‌ بوه‌ هۆی كوژرانی بیست هاووڵاتی بێ تاوان.

 دوای ئه‌و ڕووداوه‌ش بارزانی نه‌مر له‌باره‌ی كاره‌ساتی 24/4/1974 رایگه‌یاند كه‌" 24/4 رۆژی ماته‌مینی گه‌لی كورده‌".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.