Erbil 13°C شەممە 18 کانوونی دووەم 12:09

سه‌رۆکی هه‌رێم: پشتیوانی تەواومان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری دووپاتدەکەینەوە

کوردستان TV
100%

لە یادی 123ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیيدا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: لە یادى(123) ساڵەی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردى و(23) ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستاندا، پیرۆزبایى لە ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگیریى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بوارى ڕۆژنامەوانى، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌یادی 123 ساڵه‌ی ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا رایده‌گه‌ێنێت: بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە ڕاستگۆیى و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمى كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنى ئازادییەكان دەنرخێنین.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەى کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت.

له‌كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بڕیارى بۆ بە فەرمى ناساندنى 22ى نیسان وەک ڕۆژى ڕۆژنامەگەریى کوردى دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانى میر میقداد میدحه‌ت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتى ئازادی و پێشکەوتنى گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەكانی داهاتوو پێكەوە لە دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.


 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.