Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:13

مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم بە شانازییەوە، کاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماکانی ئازادی میدیایی و دیموکراسیی کردووە

کوردستان TV
#7
100%

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن.

بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکار و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم.

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی رۆژنامەوانیی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساوە و پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری ڕاگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، کاری خۆیان دەکەن  و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە ، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی میدیایی و دیموكراسیی کردووە و هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی .

قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پیشەکەیان بکەن و پەیامەکەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەبات و تێکۆشانی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکانی کوردستان، ئەوانەی خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەوانیی كوردی و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانیان كردووە.

 
مەسرور بارزانی  
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.