Erbil 6°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 02:39

سه‌باح هه‌ورامی: سبه‌ی ده‌ست ده‌که‌ین به‌ به‌کارهێنانی ڤاکسینی ڤایزه‌ر

کوردستان TV
100%

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی، سه‌باح هه‌ورامی رایگه‌یاند كه‌ 16 هه‌زار دۆز ڤاكسینی ڤایزه‌ر گه‌یشتۆته‌ سلێمانی و سبه‌ی ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ به‌كارهێنانی.

سه‌باح هه‌ورامی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا باسی له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی به‌كارهێنانی ڤاكسینی دژبه‌كۆرۆنا كرد و دواتر وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌ و گوتی: له‌ كۆرۆنادا گه‌یشتووینه‌ته‌ قۆناغێك كه‌ ئه‌وی وه‌رگرتنی پێكووته‌یه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ له‌ ماوه‌كانی پێشوودا یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی پێكوته‌ی چینی گه‌یشته‌ پارێزگای سلێمانی و شاره‌كاتی تری هه‌رێمی كوردستان. ئێستا ژماره‌ی پێكوته‌كان رۆژ به‌رۆژ روو له‌زیادبوونه‌، ئێستا ژماره‌ی ئه‌و پێكوتانه‌ی كه‌ گه‌شتوونه‌ته‌ ده‌ستمان سێ جۆرن، ئه‌وانیش سینۆفارمای چینی، ئه‌سترازێنیكای به‌ریتانی و ئێستا ڤایزه‌ری ئه‌مریكیش گه‌شتۆته‌ ده‌ستمان".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی، سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی هاووڵاتییان له‌ پارێزگای سلێمانی بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ رایگه‌یاند،''به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هاووڵاتییان پێشوازیه‌كی باشیان هه‌یه‌ بۆ پێكوته‌كه‌ و له‌ هه‌موو پارێزگای سلێمانی-دا، 32 بنكه‌ و له‌ناو شاری سلێمانی-شدا به‌تایبه‌تی 11بنكه‌ پێكوته‌كه‌ به‌كارده‌هێنن و ده‌مه‌وێت هاووڵاتییان دڵنیابكه‌مه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی خراپ له‌ وه‌رگرتنی پێكووته‌كه‌ نییه‌، راسته‌ نیشانه‌ی لاوه‌كی هه‌یه‌، به‌ڵام سروشتی پێكووته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گریت به‌لاوازی، هه‌ركه‌سێك نیشانه‌ی هه‌بوو ده‌بێت ئاسایی بێت له‌لای. ئه‌و پێكوتانه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستمان هه‌موویان تایبه‌تن به‌ كۆمپانیای گه‌وره‌، له‌ئاستی ئه‌وه‌دانین هه‌ڵه‌ قبوڵ بكه‌ن. بۆیه‌ دوودڵ مه‌بن له‌به‌كارهێنانی پێكووته‌كه‌".

سه‌باح هه‌ورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سیسته‌مێكی ئۆنلاین دروستكراوه‌ بۆ خۆناونووسكردن بۆ به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه‌ و گوتی: ''ده‌مه‌وێت هاووڵاتییان دڵنیا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو، ژماره‌یه‌كی زۆر پێكوته‌ له‌ هه‌رسێ جۆری سینۆفارمای چینی، ئه‌سترازێنیكای به‌ریتانی و ڤایزه‌ری ئه‌مریكی ده‌گاته‌ پارێزگای سلێمانی، 16 هه‌زار پێكوته‌ی ڤایزه‌ر ده‌گاته‌ سلێمانی، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌م هیچ په‌له‌ نه‌كه‌ن له‌ به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه‌، چونكه‌ ڤاكسینی ڤایزه‌ر ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرۆتۆكۆڵه‌كه‌ی جیاوازه‌، له‌و شوێنانه‌ی به‌كارده‌هێنرێت ده‌بێت پزیشك ئاماده‌ بێت، له‌به‌ر حاڵه‌تی نه‌خوازراو چونكه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌كاریده‌هێنین. بۆیه‌ بۆ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌كاریده‌هێنین. دڵنیابن ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ده‌گاته‌ ده‌ستمان".

سه‌باح هه‌ورامی له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ته‌ندروستییه‌وه‌ ڤاكسینی ڤایزه‌ر ته‌رخان ده‌كرێت بۆ به‌رپرسان و ڤاكسینی چینیش بۆ كه‌سانی ئاسایی و هاووڵاتییان به‌كارده‌هێنرێت گوتی: "تا ئێستا پێكوته‌ی ڤایزه‌رمان بۆ كه‌س به‌كارنه‌هێناوه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌گوترێت ته‌نیا ده‌نگۆی چه‌ند كه‌سانێكه‌ بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی''.

سه‌باح هه‌ورامی هۆشداری ئه‌وه‌ی دا كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت ڤاكسینه‌كه‌ وه‌رگرێت ته‌نیا ئه‌وانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی خوێنمه‌ین و نیشانه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنایان هه‌یه‌ پێش وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ ده‌توانن پشكنین بكه‌ن و پاشان ڤاكسینه‌كه‌ وه‌رگرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی كۆرۆنای بێت نابێت ڤاكسینه‌كه‌ وه‌رگرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ سێ بنكه‌دا ده‌ست ده‌كرێت به‌ پێدانی ڤاكسینی ڤایزه‌ری ئه‌مریكی ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و پرۆتۆكۆڵه‌ی هه‌مانه‌ و شێوازی به‌كارهێنانه‌كه‌ی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.