Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 19:55

د.به‌شیر حه‌داد له‌باره‌ی وه‌رگرتنی باج له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هاته‌ ده‌نگ

کوردستان TV
100%

به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێشنیازی وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی وه‌رگرتنی باج له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینه‌كان به‌ سه‌رپێچییه‌كی یاسایی ڕاشكاوانه‌ی بڕگه‌ و ده‌قه‌كانی بودجه‌ی ساڵی دوو هه‌زار و بیست و یه‌ك ناوبرد‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌شیر حه‌داد ڕه‌خنه‌ی له‌و پێشنیازه‌ی وه‌زیری دارایی گرت كه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ناردووه‌ و ڕایسپاردووه‌ باجی داهات له‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگیرێت و داوای كردووه‌ بریاری ژماره‌ سه‌د و په‌نجا و شه‌شی ڕۆژی حه‌وتی شه‌شی دوو هه‌زار و شازده‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ باج له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببڕرێت‌ به‌پێی ڕێنوێنییه‌كانی ژماره‌ یه‌كی ساڵی دوو هه‌زارو حه‌وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێشنیازی وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رپێچییه‌كی یاسایی ڕاشكاوانه‌ی بڕگه‌ و ده‌قه‌كانی بودجه‌ی ساڵی دوو هه‌زار و بیست و یه‌كه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ سیی و یه‌كی سێی دوو هه‌زار و بیست و یه‌ك په‌سه‌ندی كردووه‌.

پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كرد كه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی له‌بری باج وه‌رگرتن له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان، كه‌ توێژێكی گرنگ و كاركه‌رن و ده‌بێت داهاتی مانگانه‌یان ده‌ستكاری نه‌كرێت، داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت زۆرتر بكات.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرنگی گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئابوورییه‌كان و لێكه‌وته‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار كرده‌وه كه‌ بوو به‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان، ئه‌وه‌یش باری سه‌ر شانی هاونیشتمانیانی به‌ فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه‌ قورستر كردووه‌.

دوێنێ نوسراوێكی عه‌لی عه‌لاوی، وه‌زیری دارایی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ 14ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رچووه‌، داوا له‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌كات بڕیاری دانانی باج له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ مانگی (نیسان/4)ه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت.

 

كوردستان TV

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.