Erbil 33°C شەممە 21 ئەیلوول 14:07

له‌ سۆران فرۆشتنی گیا به‌هارییه‌کان جمه‌یان دێت

كوزه‌ڵه‌ و هه‌ندرێشه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێن بۆ چاره‌سه‌ری گورچیله‌
کوردستان TV
100%

له‌ سۆران فرۆشتنی گیابه‌هارییه‌كان جمه‌یان دێت، پزیشكێكیش ده‌ڵێت: خواردنی كوزه‌ڵه‌ و هه‌ندرێشه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێن بۆ چاره‌سه‌ری گورچیله‌.

به‌و پێیه‌ی شاری سۆران ده‌ورووبه‌ری چیایه‌و ده‌ور دراوه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گوندو ئاوایی و ناوچه‌ی شاخاوی، ڕۆژانه‌ هاووڵاتیان بۆ (كه‌وش) واته‌ هێنانی گیا به‌هارییه‌كان ده‌چنه‌ شاخه‌كان و كاڵاكانیان له‌ سۆران ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێستا بازار پڕه‌ له‌وگیا به‌هارییانه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ هاووڵاتی حه‌مه‌د ڕۆستایی گوتی: من لێره‌ ئێواران و به‌یانیان كه‌نگرو ڕێواس و ئه‌سرێلك و ئالۆ و هه‌ندرێشه‌ و لووشه‌ و كوارگ له‌ كه‌ووشچییه‌كان ده‌كڕمه‌وه‌ و ده‌یان فرۆشم.

هاوكات گوتیشی: هاووڵاتی هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ بایی زێتر له‌ دووسه‌د هه‌زار دینار گیای به‌هاری دێنێت.

هه‌روه‌ها  خاتوو نه‌جیبه‌ كه‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری سیده‌كانه‌ گوتی: ئێمه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و ده‌چینه‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ كه‌وش  و گوتیشی: ده‌ڤه‌ری بارزان و سیده‌كان و باڵه‌كایه‌تی هه‌ر ناوچه‌و به‌ گیایه‌ك به‌ ناو بانگه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ زیاد ئه‌سعه‌د خۆشناو پزیشكی هه‌ناوو گورچیله‌یه‌ به‌ كوردستان تی ڤی گوت: گیا به‌هارییه‌كان بێجگه‌ له‌وه‌ی تام و له‌ززه‌تی تایبه‌تی هه‌یه‌، هاوكات سوودی خۆشی هه‌یه‌ و خواردنی كوزه‌ڵه‌و هه‌ندرێشه‌ بۆ گورچیله‌ چاره‌سه‌رێكی سرووشتی پله‌ یه‌كه‌.

شایانی باسه‌ له‌وه‌رزی به‌هاردا گیا به‌هارییه‌كان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و زیاتر له‌ 45  ڕۆژ ده‌مێنێت و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی تێدا سوود مه‌ند ده‌بێت به‌وه‌ی به‌ماندوو بوونی خۆیان ده‌چنه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و شوێنه‌ سه‌خته‌كان بۆ هێنانیان .

4567

ڕاپۆرت/ فه‌رمان عه‌لی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.