Erbil 14°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 13:52

جۆبایدن: کاتی ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌فغانستان جێبێڵن

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا، له‌ وتارێكدا بە فەرمیی رایگەیاند‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌فغانستان جێبێڵن.

رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌، 11ی سێپتێمبەری 2001، هێرشی تیرۆرستی كرده‌ سه‌ر شاری نیویۆرك و واشنتۆن، به‌م هۆیه‌وه نزیك به‌‌ 3000 كه‌س گیانیان له‌ ده‌سدا، به‌شی هه‌ره‌ زۆری كوژراوه‌كان له ناوه‌ندی بازرگانی شاری نیۆیۆرك بوون كه‌ به‌ بورجه‌ دوو قولوه‌كان ناسرابوون.

پاش ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌، وڵاته‌ ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ری    2001، سه‌رۆكایه‌تی هێزه‌كانی ناتۆی په‌لاماری حكوومه‌تی ئیسلامی تاڵیباندا و رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی ئوسامه‌ بن له‌ناوبرد.

رۆژی چوارشه‌ممه‌، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی و له‌ وتارێكدا بە فەرمیی رایگەیاند‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌فغانستان جێبێڵن.

بایده‌ن له‌م باره‌وه‌ گوتی: لە یەکی مانگی پێنجی ئەمساڵ، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان لە ئەفغانستان دەسپێده‌كه‌ین، ئێمە له‌ كشانه‌وه‌ماندا په‌له‌ ناكه‌ین و كشانه‌وه‌كه‌مان بەرپرسانه‌، بە به‌رنامه‌و بە ساغڵه‌می ئەنجام دەدەین، لەگەڵ هاوپەیمانامان و هاوبەشانماندا  به‌ ته‌واوی هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ین كه ئێستا لە ئێمە زیاتر هێزیان لە ئەفغانستان هەیە و ئێمە 20 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، بە هۆی هێرشێکی تۆقێنه‌ره‌وه كه‌ هاته‌ ئاراوه‌،‌ چووین بۆ ئەفغانستان، ناتوانرێت ڕوون بکرێتەوە بۆچی پێویستە لە ساڵی 2021یش لەوێ بمێنینەوە.

بایده‌ن له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌ی دا باسی له‌ كوژرانی ئوسامه‌ بن لادن كردو هاوكات به‌ پێداگرییه‌وه‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئیدی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان بۆ پێنجه‌مین سه‌رۆكی وڵات جێناهێڵێ و له‌م به‌ستێنه‌دا رایگه‌یاند: " 10 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، ئوسامه‌ بن لادن كوژراو بە سزای خۆی گه‌یشت، 10 ساڵ دوای کوشتنی بن لادن، ئێمە لەوێ ماوین، لەوکاتەوە هۆکاری مانەوەمان لە ئەفغانستان ناڕوون بووە. ئێمە ناتوانین هەر وا بمێنینەوە، بە هیوای ئەوەی بارودۆخێکی نمونەیی لە ئەفغانستان بێتە ئاراوە، جا بکشێینەوە.

كاتێك سەرۆک جۆرج بوش، بڕیاری هێرشی بۆ سه‌ر ئەفغانستان دا، ڕاوێژی پێكردم. لەو کاتەوەی هێزەکانی ئه‌مریكا، لە ئەفغانستانن، دوو کۆماری و دوو دێمۆکرات، سه‌رۆك بوون، من چواره‌م سه‌رۆكم و ئەم ئه‌ركه‌ بۆ سەرۆکی پێنجەم جێناهێڵم.

بایده‌ن له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا هۆشداری بە تاڵیبان دا كه‌ نابێ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌ كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا په‌لاماریان بده‌ن و له‌م باره‌وه‌ وتی: "تاڵیبان دەبێ بزانن ئەگەر لە کاتی کشانەوەی هێزەکانمان لە ئەفغانستان، هێرش بکەنە سەرمان، ئێمە بە هەموو هێزمانه‌وه‌ بەرگری لە خۆمان و هاوپەیمانانمان دەکەین.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لە ئەفغانستان پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ین، لێ چاوپۆشی لە هەڕەشەی تیرۆریستان ناكه‌ین. ئێمە تواناکانی دژە تیرۆمان سازده‌ده‌ینه‌وه‌ بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستان لە ناوچەکەدا. ئێمە تاڵیبان بەرپرسیار دەکەین له‌وه‌ی كه‌ نابێ خاکی ئەفغانستان بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان بەکار ببرێ. حکومەتی ئەفغانستیانیش ئەو بەڵینەی پێداوین.

سه‌رۆك جۆ بایدن له‌ ناوه‌رۆكی وتاره‌كه‌ی دا وێرای سوپاس له‌ هاوپه‌یمانان و سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ ئه‌فغانستان، هاوكات باسی له‌وه‌ش كرد ئەمریکا  لە هاوكاری و پشتیوانی ده‌وڵه‌تی ئەفغانستان به‌رده‌وام ده‌بێ.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان، کشانەوەی سەربازەکانی ئه‌مریكا، لە ئەفغانستان، كه‌ هه‌نووكه‌ 2500 سه‌ربازن، پێش 11ی سێپتێمبەری ئەمساڵ دەبێت.

له‌ شه‌ری ئه‌فغانستان دا و له‌ ماوه‌ی نزیك به‌ 20 ساڵدا، پتر له‌ 2300 كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.

ره‌حیم ره‌شیدی - واشنتۆن

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.