هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەخەنە روو.
لەو بارەوەیە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "فەرەنسا بە توندترین شێوە ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکات کە شەوی رابردوو هەولێر و پارێزگای نەینەوایان کردە ئامانج، چونکە پێشتریش لە 15ی شوباتدا هەولێر کرابووە ئامانج، فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
گرنگە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی نێوانیان زیاد بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو عێراقییەکان".
جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە دەنووسێت: " ئەو رووداوانەی دوێنی شەو لە ھەرێمی كوردستان روویاندا، نموونەی ھەوڵێكی دیكەی مەترسیدارە بۆ دروستكردنی گرژی و ھەڕەشەكردن لە سەقامگیری عێراق، ئەم جۆرە ھەوڵانە بە ھەموو شێوەیەك شەرمەزار دەكەین و داواش لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكەین ھەوڵەكانیان یەكبخەن، بەشێوەیەكی خێرا، بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ھێرشانە".
هاوکات ستیفن هایکی، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق لە تویتێکیدا دەنووسێت:" بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی دوێنێ دەکەم. ئەم ھێرشانە تەنھا زیان و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە بۆ عێراق.
تا ھێزە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کاربکەن عێراق ئارامی و گەشەسەندن بەخۆیەوە نابینێت.
بریتانیا پاڵپشتی ھێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ نەھێشتنی ئەم ھێرشانە و دڵنیابوون لە سزادانی بکەران."
لای خۆشیەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانیی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکی لە هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین.
لەگەڵ هاوبەشانمان لێرە لە هەرێمی کورستان و حکوومەتی عێراق کاردەکەین بۆ راپێچانی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.