Erbil 12°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 11:49

بۆیه‌که‌م جار ئاڵای کوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌کادیمیای شاهانەی ساندهێرستی بەریتانیا دانرا

کوردستان TV
100%

سه‌نته‌ری میدیا و زانیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ملازم ئه‌میر مه‌هدی مزوری ڕایگه‌یاند: بۆیه‌كه‌م جار ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای شاهانەی ساندهێرستی بەریتانیا دانرا

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

ملازم ئه‌میر مه‌هدی مزوری، ئه‌و گه‌نجه‌ کوردەی، كه‌ وه‌ك یه‌كه‌م گه‌نجی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی پله‌یه‌كی به‌رز لە ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرستی به‌ریتانیا به‌ده‌ستبهێنێت، كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ پله‌ی به‌كالۆریۆسی سه‌ربازی، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٤ مانگ لەو ئەکادیمیایە بەردەوام بوو لەخوێندن.

ملازم ئه‌میر مه‌هدی سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرستی به‌ریتانییه‌وه‌ دەکات، وەک یه‌كه‌م كورد و یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌، له‌و ئه‌كادیمیایه‌ وه‌رگیراوە، وەک خۆی دەڵێت هه‌ستێكی خۆش له‌لام دروست بوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی جه‌سته‌یی و ئه‌كادیمیی و شاره‌زایی له‌ هونه‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌ ته‌واو ئاماده‌ بووم، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا راڕا و نیگه‌ران بووم، كه‌ نه‌توانم نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان بكه‌م.

جگە لەوە ئه‌میر بڕوانامه‌ی ماسته‌ریشی له‌ به‌رگری و شه‌ڕدا له‌و ئه‌كادیمیایه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌. ئەمیر مزوری لە لێدوانێکی تایبەت بەسەنتەری میدیا گوتی: به‌رله‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی به‌ریتانیاوه‌ بكه‌م، ماوه‌ی ٣ مانگ له‌ شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا وانه‌ی تواناسازیم خوێند و توانیم ئاستێكی زۆر باش پێشكه‌ش بكه‌م. گوتیشی: سه‌ره‌تا بۆ ماوه‌ی ٣ مانگ به‌بێ به‌ستنی هیچ ئاڵایه‌ك له‌ ئه‌كادیمیاكه‌دا به‌شداربووم، چونکە ئاڵای کوردستان بەفەرمی نەناسرابوو، به‌ڵام دواجار هه‌وڵه‌كانم بۆ ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتن له‌سه‌ر به‌ستنی ئاڵای كوردستان سه‌ركه‌وتووبوون، ئه‌وه‌ بوو بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای ساندهێرستی شاهانه‌ی به‌ریتانیا دانرا، توانیم به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌یه‌كی پله‌ باڵای سوپای به‌ریتانیا بكه‌م.

هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ ئەمیر گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای به‌ریتانیا باسمان له‌ هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد، له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ داوام له‌ خۆی و باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا كرد، ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای ساندهێرست دابنرێت، دوای تێپه‌ڕبوونی ٣ مانگ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ٣/٨/٢٠٢٠ وه‌ڵامی داواكاریه‌كه‌م به‌ئه‌رێنی گه‌ڕایه‌وه‌ و توانیم باجه‌كه‌م به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ببه‌ستم و پاشانیش له‌لایه‌ن مامۆستا و قوتابیانی ئه‌كادیمیاكه‌وه‌ پیرۆزباییم لێكرا. وه‌ك ئه‌میر باسی لێوه‌ ده‌كات، له‌ مێژووی ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ رووینه‌داوه‌ هیچ قوتابییه‌ك به‌بێ به‌ستنی ئاڵا ده‌وام بكات، ده‌بوایه‌ هه‌ر قوتابیه‌ك ئاڵای وڵاته‌كه‌ی ببه‌ستێت، تا دواجار بەهەوڵی ئەو، ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌ ریزی ئاڵای وڵاتان به‌سترا، ئه‌مه‌ش بۆ من ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو، كه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ و كوردێك شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م و سوپاسی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا و ئه‌كادیمیای ساندهێرستی شاهانه‌ی به‌ریتانیا ده‌كه‌م بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌یان.

له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆسەنتەری میدیا ملازم ئه‌میر گوتی: كاتێك ئاڵای كوردستانیان پێ به‌خشیم، پێیان راگه‌یاندم، بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ر كوردێك به‌شداری له‌و ئه‌كادیمیایه‌دا بكات، ئاڵای كوردستان ده‌به‌ستێت، هه‌ربۆیه‌ دواتر خانمێك به‌ناوی میدیا مه‌ستی بۆ ماوه‌ی ٢ مانگ هاته‌ ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ و ئاڵای كوردستانی پێ به‌خشرا. جگه‌ له‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كورده‌ ده‌ڵێت: هه‌وڵه‌كانم ته‌نیا له‌وچوارچێوه‌یه‌دا نه‌مایه‌وه‌ و له‌ كۆشش به‌رده‌وام بووم، تا توانیم سروودی نیشتیمانی كوردستان "ئه‌ی ره‌قیب" بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرست بگوترێته‌وه‌، سێ رۆژ بەدوای یەکدا لەبەرواری ٣١/٥/٢٠٢٠ تا ٢/٦/٢٠٢٠ سروودی ئه‌ی ره‌قیب به‌ ده‌نگێكی به‌رزی قوتابیانی به‌ریتانی، ئه‌وروپی و وڵاتانی دیكه‌ خوێندرا و ئه‌وكات خۆشترین ساته‌كانی ژیانم بوون.

ئه‌میری پێشمه‌رگه‌ لاوه‌كه‌ی كوردستان گوتیشی: دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە خوێندن لە ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست، لە قوتابیانی وڵاتانی دیكه‌ جیاکراومەوە و لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دانرام، لەبەر ئەوەی ئاستێکی زۆر باشم لە رووی ئەکادیمی و زمانەوە نواند، بۆیە لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دەستمان کرد بە خوێندنی ماسته‌ر لە بەرگری و شەڕ (Defence and War Studies). هەروەها لە رووی جەستەییش (Physical Training) له‌ئاستێكی زۆر باشدا بووم و توانیم له‌ پێشبڕكێیه‌كاندا ركابه‌ری باشترین و بەهێزترن قوتابیانی ئه‌كادیمیاكه‌ بکەم، بۆیە لەگەڵ بەهێزترین قوتابیه‌ بەریتانیەکان دانرام ئەوانەی لە پیاده‌ (Infantry)ی بەریتانیا وەردەگیرێن، هه‌ر بۆیە لە به‌شی (GCC) دانرام، کە لەبری ١٥ کیلۆگرام، ئێمە بە ٤٠ کیلۆگرامه‌وه‌ مه‌شق و راهێنانی زۆر سەختمان دەکرد.

هه‌روه‌ها گوتی: دوای ماوەیەك توانیم لە نێو ئەوانیشدا لە بەهێزترینەکان بم، کە لە دوا راپۆرتی دەرچوونمدا سەرۆکی ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست نمرەی (Excellent)ی پێبەخشیم. ملازم ئه‌میر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا و ده‌ڵێت: لەگەڵ ئه‌وه‌شدا هەوڵ و تەقەڵایەکی زۆرم دا بۆ بەدەست هێنانی مەدالیای ماکسمانشیپ (Marksmanship Medal)، ئه‌وه‌بوو لە رێكه‌وتی (١/١٢/٢٠٢٠) لە نێوان ژمارەیەکی زۆر لە نیشانەشکێنی بەتوانای بەریتانی و وڵاتانی دیكه‌، توانیم لە کۆی ٤٠ ئامانج ٣٧ ئامانج بپێکم و مەدالیای ماکسمانشیپ بەدەست بهێنم. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، لەبەرئەوەی وەك یەکەم پێشمەرگە و کورد لەو ئەکادیمیایە وەرگیرابووم، ناوی پێشمەرگە به‌لامه‌وه‌ زۆر مەزن و پیرۆزە، بۆیە هەمیشە هەوڵم دەدا ئەنجامی زۆر باش بەدەست بهێنم. لێرەوە سڵاو و رێزم هەیە بۆ هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان.

ملازم ئەمیر مەهدی باسی لەوەش کرد، کە لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە و لۆگۆی لەشکری تایبەتی(١) و لەشکری تایبەتی گوڵان و ئاڵایەکی کوردستانی، پێشکەشی ئەکادیمیای شاهانەی سانت هێرستی بەریتانیا کردووە، لەلایەن سەرۆکی ئەکادیمیایەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.