لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی و مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و كاری هاوبەشەی كە لەنێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستاندا هەیە.
هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند كە پەیوەندییەكانی هەردوولا بنەمایەكی پتەویان هەیە و زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پێشوازیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕووسیای كرد.
گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو، جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئۆلێگ لێڤین كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.